Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێداچوونەوە بە پلەبەرزكردنەوە و خزمەتی فەرمانبەران دەكرێت

هەولێر-KDP.info- لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنوێنیی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هەژماركردنی خزمەتیان لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ دەستنیشانكردنی گرفتەكانی جێبەجێكردنی ڕێنوێنیی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و هەژماركردنی خزمەتیان، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی.

تا ئێستا لە كۆی 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادە كراون. 

باس لەوەش كراوە، لیژنەكە لە یەكەم هەنگاویدا تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاكی، لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ پرسی میلاكات ڕاسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەی فەرمانبەران.

ئاشكرا كراوە، لە كۆی 32 دامەزراوەی هەرسێ دەسەڵاتی (دادوەری و یاسادانان و جێبەجێكردن)، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە كرا كە حەوت هەزار و 196 دۆسیە، پلەی زیادەیان بۆ بەسترابوو و 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، كە كۆی جیاوازیی مووچەكەیان دەكاتە ملیارێك و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ یەكخستنەوەی دۆسیەی كەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تا ئێستا لە كۆی 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادە كراون، بڕیار وایە بە زوویی دۆسیە نایاساییەكانیان لە ڕووی پلەبەرزكردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بكرێن.

كابینەی نۆیەم لە یەك كاتدا كاری لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پرسی چاكسازی كردووە، تا ئێستا دەیان هەنگاوی كردەیی و رژد لەم بوارەدا ناوە، ئەمەش هۆكار بووە بۆ ڕێكخستنەوەی دۆسیەی فەرمانبەران و گەڕاندنەوەی سامانێكی زۆری دارایی بۆ ناو خەزێنەی حكوومەت.

 

ڕامان وریا