Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قەهوەچی: کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدرێت

هەولێر-KDP.info- سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، وەکو پێکهاتەکان داوا دەکەن ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش بە چوار بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام پێکهاتەکان پێویستە بە یەک بازنە بەشدار بن، چونکە مافی پێکهاتەکانە بڕیار لە چۆنیەتیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بدەن.

مونا قەهوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان، زۆر بە پێویستی دەزانین پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هیچ کاتێک دوانەخرێت و هەمو پرۆسەکان لە کاتی خۆیاندا بکرێن، بێگومان ئەمەش شەرعیەتێکی تەواوی دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بگەنە رێککەوتن لەسەر پڕۆژەیەک، سەرەڕای هەبوونی چەند پڕۆژەیەک، کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت بەپێی رێکارە یاساییەکانی پەرلەمان و دواتر بچێتە بواری گفتوگۆوە، ئێمە وەکو پێکهاتەکان هەمیشە داوامان کردووە مافی سەرەکی و بنەڕەتی ئەوەیە پێکهاتەکان خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن لە چۆنیەتیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە پێکهاتەکان بە سیستمی کۆتا لە ساڵی 2009ـوە تا ئێستا بە یەک بازنە بەشدار بوون و لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکان بووە، بە هۆی ئەوەی پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی نەتەوەیی دەکەن نەک حیزبەکان".

قەهوەچی گوتیشی: "ئەو حیزبە کوردیانە هەموو شتێکیان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ فەراهەم کراوە، بەڵام پێکهاتەکان تەنها لە حکوومەت و پەرلەمان نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان دەکەن، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا بە هۆی قەیرانی داراییەوە، کە دۆخی دارایی بە شێوەیەکە بەغدا و دادگای فیدراڵی بڕیار لە زیانی هەرێم دەدەن، ئێمەش پشکمان بەرکەوتووە لەو زیانە و هیچ بودجە بۆ ئێمە دیاری نەکراوە تا بتوانین بە سیستم بە چوار بازنە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین و پێکهاتەکان لە هەر بازنەیەک کاندیدیان هەبێت و بانگەشەی تەواو بۆ خۆیان بکەن، کە ئەوە پێویستی بە بودجەی زەبەلاح هەیە، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین هاوکار و پاڵپشتمان بن".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوکارییە کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرجەم لایەنە تورکمانەکان و نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرجەم رێکخراوە تورکمانییەکان و ئەو بەڕێزانەی پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەوە هەیە، بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدرێت، کە هاوکار و پاڵپشتمان بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەر کاتێکدا کە ئەنجام درا بە یەک بازنە بێت، کە سەرەڕای ئەوەی رێزمان هەیە بۆ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کە داوا دەکەن چوار بازنە بێت، دەکرێت بۆ ئەوان بەو شێوە بێت کە رێژەیان زۆرە و بەشداریی کارایان هەیە، بەڵام ئێمە تەنها بە وەزیرێک و پێنج پەرلەمانتار ناتوانین شانبەشانی حیزبە کوردییەکان بە چوار بازنە بەشدار بین لە هەڵبژاردندا، ئەوەش پێشێلی مافی مرۆڤ و بنەمای دیموکراسیەتە".

 

بڵند ئیبراهیم