Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق: ئەمساڵ هەڵبژاردن لە کاتی خۆی نەکرێت تەواوی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە

هەولێر -KDP.info- دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو ئامادەکاری و ئاسانکارییەک بۆ ئەوەی ئەمساڵ و پێش مانگی 10 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونکە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی نەکرێت تەواوی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: ''ئەمڕۆ خۆشحاڵین لەگەڵ یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانمان کۆ بووینەوە و ئەو کۆبوونەوانە لە کۆنگرە بڕیاریاری لێ دراوە و دەستمان پێ کردووە و سەردانی یەکێتی و یەکگرتوو وکۆمەڵ و حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتکێشان و حزبەکانی دیکەشمان کردووە و بەردەوامیش دەبین و گۆڕان بەهۆی ئەوەی یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرکییەکانی پێکهێنانی حکوومەت بەپێویستمان زانی کۆمەڵێک بابەت هەبوون سەرلەنوێ ئەپدەێتیان بکەینەوە، بابەتی یەکەم، هەڵبژاردن وەکوو پرۆسەیەکی دیموکراسی زەروورە دوای درێژکردنەوەی پەرلەمان کە کرا لە کاتی خۆی بکرێت، چونکە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی نەکرێت تەواوی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانکاری و ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە مانگی10 تێپەر نەبێت و بۆ یاسای هەڵبژاردن ئامادەین لەگەڵ حزبەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە پەرلەمان بەشدارن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت .

دکتۆر پشتیوان سادق گوتیشی: لەبارەی چەند بابەتێکی دیکە کە پەیوەندییان بە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان هەبوو، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کە لە پارتی و یەکێتی و گۆران و چەند حزبێکی دیکە پێک هاتووە درێغیی نەکردووە، بەپێی دۆخەکە لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و هەرسێ تیم لە ماوەی ڕابردوودا هەماهەنگیی باشمان کردووە و هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینە و کەمینە تێپەڕ نەبووە، بەڵکو سەرۆکوەزیران دەرفەتی بە هەموو تیم و وەزیرەکان داوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی هەموو بابەتەکان بکەن کە دێنە ئەنجومەنی وەزیران، بۆیە دۆخی هەرێمی کوردستان ئەوەمان لێ دەخوازێت پێکهێنەرەکانی حکوومەت زیاتر هەماهەنگ بن و زیاتر بتوانن خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.

هەر لەم بارەیەوە، دلێر عەبدولخاڵق، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین پرس گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەوانە پرسی هەڵبژاردن و دارایی و حکومەت و بەغدا و ژیان و گوزەرانی خەڵک، ئێمە پێمان وایە بۆ ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی و بۆ نیشاندانی مۆدیلێکی حوکمڕانیی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن لاببرێت، بۆ ئەوەش دەبێ ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانی و یاسایی و سیاسییان هەیە بە دانوستان و سازان یەکلایی بکرێتەوە بەهەموو حزبەکانەوە .

 

بڵند ئیبراهیم