Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جووتیار عادل: دادگا بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری مامەڵە ناکات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، دادگای فیدراڵی بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری مامەڵە ناکات، بەڵام ئێمە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوام دەبین.

دکتۆر جووتیار عادل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە تەکید لە هەڵوێستی خۆمان دەکەینەوە کە جیددین لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، کە ماوەیەکە سەرقاڵی داتاکانی خۆمانین بە هەماهەنگی لە نێوان چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق و، نێردراون و وردبینی کراون کە لەسەر مەلەفی نەوت و بودجە هەماهەنگیی باش هەیە و هەموو داتاکانیان پێدراوە".

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم گوتیشی: "بڕیاری دادگای فیدراڵی کاریگەری لەسەر ئەم دۆخە ئەرێنییە هەبوو لە گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا، ئێمە وەکو حکوومەت هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە و جیددین، حکوومەتی عێراقیش جیددیەتێکی پێوە دیارە و بەرنامە دانراوە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبێت، بەڵام دادگا بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری مامەڵە ناکات و خۆشی بۆشایی دەستووری هەیە و بەپێی یاسایەک کە لە پەرلەمان دەرچووبێت، کار ناکات".

دەشڵێ: "ئێمە لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین لەسەر کۆمەڵێک بابەت، یەکێک لەوانە بابەتی دادگای فیدراڵییە، کە پێویستە یاساکە دەربچێت و بابەتی دیکە وەکو ماددەی 140 و هەندێک یاسا هەیە بەپێی سەقفی زەمەنی دانراون، کە پێویستە بەپێی رێککەوتنی سیاسی و دەستوور یەکلا بکرێنەوە".

جووتیار عادل باسی لەوەش کرد: "بەداخەوە بڕیاری ئەمجارەی دادگا و بڕیاری پێشتریش، وەکو فشارهێنان بوو بۆ سەر هەرێم، کە قبووڵکراو نییە و پێویستە دادگا بێلایەن و دوور بێت لە ململانێی سیاسی، ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و لە ماویەەکی نزیکدا سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆکردن".

ئاماژەشی دا: "ئەو بەرنامەیە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا، کە شاندی حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی، گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکات و بەردەوام دەبین".

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ئێمە توانیومانە بەردەوامی بە دابەشکردنی مووچە بدەین و لە 14 مانگدا تەنیا دوو جار 200 ملیار دیناریان ناردووە، لە کاتێکدا مافی خەڵکی کوردستانە، بۆیە بەردەوام داوای دەکەین و خێر نییە حکوومەتی عێراق بە ئێمەی بکات و قەرزیش نییە بە قەرز لەسەر خۆمان حیسابی بکەین، بەڵکو مافی هەرێم لەوە زیاتریشە، بەڵام دەمانەوێت لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنی سیاسی بگەینە رێککەوتن و گفتوگۆش بەردەوامە و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پابەندی بڕٍیاری ئەنجومەنی وەزیران بن و پارەکە بۆ هەرێم رەوانە بکەن".

 

بڵند ئیبراهیم