Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئایدن مەعرووف: حکوومەتی ھەرێم پاڵپشتێکی بەھێزی پێکھاتەکانە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە حکوومەتی ھەرێم پاڵپشتێکی بەھێزی ھەموو پێکھاتەکانە بێ جیاوازی، کە سەرجەم پێکھاتەکان دڵنیان ھیچ کات کارێک ناکرێت دژی ئەوان بێت، بگرە زیاتر پاڵپشتی و پشتگیرییان دەکرێت.

ئایدن مەعرووف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە پێکەوەژیان ھەیە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پشتگیریی تەواو لە پێکھاتەکان دەکات، ئەمەش گرنگە بۆ پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی ئەو پێکەوەژیانە".

مەعرووف گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتێکی بەھێزی پێکھاتەکانە و ھیچ فشارێکیان لەسەر نییە، بگرە زیاتر پشتگیریکردن و پاڵپشتی بۆ پێکەوەژیانی زیاتر ھەیە، بۆیە دڵنیاین کە کارێک ناکرێت دژی پێکھاتەکان بێت و پێکەوەژیان بۆ ھەموو پێکھاتەکان بێ جیاوازی ھەیە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ئەگەر لە جیھاندا تەنیا ھەفتەیەک بۆ پێکەوەژیان ھەبێت، ئەوا لە ھەرێمی کوردستاندا بە بەردەوامی و ھەموو رۆژێک ئەو پێکەوەژیانە ھەیە و رۆژ بەڕۆژ لە گەشەدایە، چونکە ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و نەتەوە و ئایینەکانە بێ جیاوازی".

 

بڵند ئیبراھیم