Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەنتەر فەرھاد: دووسایدی ناو روڤیا بەجۆرێک دروست دەکرێت کە سیمایەکی دیکە دەداتە ناحیەکە

روڤیا-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی روڤیا باس لەوە دەکات، کە دوو دەرخستەیان بۆ دروستکردنی دووسایدی ناو روڤیا ئامادە کردووە و لە پلانی ئەمساڵدایە و پارێزگاریش خۆی پشتگیری لە دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکات، دەشڵێ، رێگایەکی ستراتیژی و ھەمیش نێودەوڵەتییە، بۆیە بە شێوەیەکی نموونەیی دروست دەکرێت، کە ھەموو رێکارەکانی تەواو بوون و تەنھا ماوە پارەی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە پڕۆژەکە بکەن.

بەڕێوەبەری ناحیەی روڤیا، عەنتەر فەرھاد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارێزگاری دھۆک باسی لەوەکردووە کە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانمان ماوە ئەویش دروستکردنی دوو سایدی ناو روڤیایە، بۆیە لە پلانی ئەمساڵ دانراوە و چاوەرێ دەکەین پارەی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە پڕۆژەکە بکرێت، چونکە ھەموو رێکارەکانی تەواو بوون و ھیچ کێشەی نیە و تەنھا ماوە پارەی بۆ تەرخان بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت، کە ١٢%ی پڕۆژەکەی تەواو بووە".

عەنتەر فەرھاد گوتیشی: "دەمانەوێت بەجۆرێک دووسایدەکە دروست بکرێت کە نموونەیی بێت و سیمایەکی جوان بدات بە ناحیەکە، چونکە رێگایەکی ستراتیژی و نێودەوڵەتیشە و دەکەوێتە نێوان سێ پارێزگا ئەوانیش ھەولێر، دھۆک و موسڵ، بۆیە پلانمان ھەیە جگە لە دووساید رێگای خەدەمیش دروست بکرێت".

فەرھاد باسی لەوەشکرد: "دوو دەرخستەمان ئامادەکردووە یەکەم ١٣ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینارە و دەرخستەی دیکەمان حەوت ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دینارە، ئەگەر ئەوەی یەکەم بکرێت دووسایدەکە بە تەواوی دەکرێت بە رێگای خەدەمیشەوە، بەڵام ئەگەر بەدەرخستەی دووەم بێت تەنھا دووسایدەکە دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم