Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عێراق پابەند نەبێت ڕه‌نگه‌ نرخی دۆلار تا ٥٠٠ ھەزار دیناریش بڕوات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق دەڵێ، عێراق بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار، بەڵام ھەنگاوەکان زۆر لەسەرخۆن و کاتی پێویستە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بێتەوە سەر نرخەکەی پێشووی ده‌شڵێ، عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکا نەبێت، نرخی دۆلار دەگاتە ئاستێکی خەیاڵی.

د. خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، شاندێکی عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات و شاندێکی دیکەش دەچێتە تورکیا و لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبێتەوە، عێراق دەیەوێ ئەو رێوشوێنانەی ئەمریکا لە سیستمی نوێ دیاری کردووە، ھەندێک لەسەر عێراق کەمتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی بتوانێ خستەڕووی دۆلار زیاد بکات، ئەگەری بەرزبوونەوەی دۆلار لە ئێستادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بارزگانەکان دۆلار لە بازاڕ دەکڕن و دۆلاریان نەھێشت، ئەوەش ھۆکارە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دانەبەزێت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتیشی، عێراق بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار، بەڵام ھەنگاوەکان زۆر لەسەرخۆن و کاتی پێویستە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار بێتەوە سەر نرخەکەی پێشووی.

غازی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو سیستمەی ئەمریکا دایناوە لەسەر دۆلار، سیستمێکی جیھانییە و پێویستە عێراقیش پابەندی رێوشوێنەکانی ئەمریکا بێت، بۆ ئەوەی ھەنگاو بنێت بە چەند قۆناغێک دۆلار نرخەکەی کەمتر ببێتەوە، بە پێچەوانەوە عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکا نەبێت، نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی دەگاتە ئاستێک لەوانەیە تا ٥٠٠ ھەزار دیناریش بڕوات.

 

قائید میرۆ