Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمان: بایکۆتی دادگای فیدراڵیمان کردووە

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دادگای فیدراڵیمان کردووە و ئامادەی دانیشتنی ئەو دادگایە نابین بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان دەربکات.

وریا سەعدی، ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەبارەی ئەو سکاڵایایەی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تۆمار کراوە ئێمە وەک بەشی یاساییی پەرلەمان بە ھیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەل دادگای فیدراڵی ناکەین و بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیش ھیچ پارێزەرێک ئامادەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگا نەبووە، چونکە ئێمە پێمان وایە دادگای فیدڕاڵی لە ڕێڕەوی یاسایی و دەستووریی خۆی لای داوە و زیاتر بڕیارەکانی سیاسین نەک یاسایی.''

ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "لە ڕاگەیاندنەکانەوە زانیمان بڕیاردان لەسەر دۆسیەی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوا خراوە بۆ ٧ی مانگی شوبات، ھەر بڕیارێکی دەربکات ئەوە ھەرێمی کوردستان وەڵام و ھەڵوێستی خۆی دەبێت، پێشتر ئەو دادگایە بڕیاری دژی یاسای نەوت و غازی ھەرێم دەرکرد گوتمان لەوانەیە لەژێر فشاردا بێت، بەڵام پێ دەچێت ھەموو بڕیارەکانی بەو شێوەیە بەسیاسی بکرێن.''

وریا سەعدی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''دادگای فیدراڵی بەپێی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراق نادەستوورییە، چونکە دەستوور دیاریی کردووە دادگای فیدراڵی پێک دێت لە ژمارەیەک دادوەر و پسپۆڕی شەریعەتی ئیسلام، ئەوانە تەنیا قازییان داناوە و قازی ناتوانێت تەفسیری یاسا بکات، لەو کەیسەدا ئێمە بە ھیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ دادگای فیدراڵی ناکەین و بۆ کەیسەکانی دیکەش بڕیاری نوێ دەدرێت.''

قائید میرۆ