Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە سبەی بەدواوە نەوتەكه‌ دەگاتە ھەرێم و بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت

هه‌ولێر-KDP.info- بڕیارە حکوومەتی فیدڕاڵ پابەندی ناردنی بەشە نەوتی ھەرێمی کوردستان بێت و پەرلەمانتارێکی پارتیش لە بەغدا گوتی، ناردنی نەوتی سپی لەسەر داوای مەسروور بارزانیە و لە ساڵی رابردووە ھەرێم پارەی نەوتەکەی رادەستی بەغدا کردووە.

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "لە دوای سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا داوای لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو پابەندبێت بە ناردنی بەشە نەوتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی ئەوەی بە مەسروور بارزانی دابوو پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەشە نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت و لە سبەی بەدواوە بە چەند قۆناغێک ئەو نەوتەی بەغدا دەگاتە ھەرێمی کوردستان و بەسەر ھاووڵاتیان دابەش دەکرێت.

پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئەو نەوتەی حکوومەتی فیدڕاڵ رەوانەی ھەرێمی کوردستانی دەکات پشکی ھەرێمی کوردستانە و لەسەر داوای سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.

کەلاری گوتیشی، "ساڵی ڕابردوو رێكکەووتن ھەبووە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ناردنی بەشە نەوتی ھاووڵاتیانی ھەرێم، بەڵام بەغدا پابەندی رێكکەوتنەکە نەبووە ئەمە لەکاتێكدایە ساڵی رابردوو ھەرێمی کوردستان پارەی نەوتەکەشیان ڕادەستی بەغدا کردبوو.

 

قائید میرۆ