Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر شەهیدکردنی هوجام سورچی تێپەڕدەبێت

دهۆك-KDP.info- لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و پێش هەشت ساڵ لە پارێزگای مووسڵ هوجام سورچی بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا لەلایەن تیرۆرستانی  داعشه‌وه‌، کوڕێکی شەهید هوجامیش دەڵێت، ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێکی خەمناکە، بەڵام شانازیش دەکەین کە باوکم لەپێناو خاک و نیشتیمان شەهید کراوە.

عومەر شەهید هوجام سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا 25/1/2015 لە پارێزگای مووسڵ باوکم کە پێشمەرگە بوو بەدیل کەوتبووه‌ دەستی داعش بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە شەهیدکرا و خوێنی خۆی کردە قوربانی لەپێناو خاک و نیشتیمان، چونکە پێشمەرگە پارێزەری خاک و نیشتیمانە و هەمیشە ئامادەیە قوربانی بدات بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراو بێت.

عومەر شەهید هوجام سورچی گوتیشی، ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێکی خەمناکە و هەمووساڵ لەم ڕۆژەدا برینمان دەکولێتەوە، بەڵام شانازی دەکەین کە باوکمان  خوێنی خۆی لەپێناو نیشتیمان ڕشتووە، بۆیە بەخوێنی شەهیدان هەمیشە دەستکەوتەکانمان پارێزراوده‌بن.

سورچی باسی لەوەشکرد، لەو ڕۆژەدا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین یەکڕیزی ناوماڵی کوردی بپارێزن، چونکە دەستکەوتەکان بەیەکڕیزی دەپارێزرێن و ئەوانەی ماویشن بەدەست دێن، بۆیە ئەرکی هەمووانە رێز لە خوێنی شەهیدان بگرین و ڕێگە نەدرێت ئەو دەستکەوتانەی بەدەست هاتوون لە ناوبچن، چونکە قوربانی زۆر دراوە لەپێناو کوردستان تا ئەو دەستکەوتانە بەدەست هاتوون.

شەهید هوجام عەبدولڕەحمان خدر سورچی لەساڵی 1970لە گوندی بەردەسۆری سەر بەناحیەی روڤیا لە قەزای بەردەڕەش لەدایک بووە و لەساڵی 1991وە بۆتە پێشمەرگە و بەردەوام بووە تا ئه‌و ڕۆژه‌ی بەدیل کەوتە دەست تیرۆرستانی داعش لە پارێزگای مووسڵ، دواتر لە بەرواری 25/1/2015 بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە بەرچاوی خەڵکه‌وه‌ سەری لە لاشەی جیاکرایەوە و شەهید کرا، کە ساڵانە لەورۆژەدا یادی شەهید هوجام دەکرێتەوە و بۆتە سیمبولی خۆراگری.

 

بڵند ئیبراهیم