Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سایلۆی ڕوڤیا تەواو بووە و ئەمساڵ دەتوانێت گەنم وەربگرێت

ڕوڤیا -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی ڕوڤیا گوتی، سایلۆی ڕوڤیا هەموو کارەکانی تەواو بووە و ئەمساڵ ئەگەر حکوومەت بڕیار بدات دەتوانن گەنم لە جووتیاران وەربگرن، کە 44 هەزار تۆن گەنم دەگرێت.

بەڕێوەبەری ناحیەی ڕوڤیا، عەنتەر فەرهاد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سایلۆی ڕوڤیا تەواو بووە کە یەکێکە لە سایلۆ گەورەکان و ئەمساڵ ئامادەیە بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران وەربگرێت، کە جێی 44 هەزار تۆن گەنمی تێدا دەبێتەوە، بۆیە چاوەڕێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی بڕیار بدات ئەمساڵ لەو سایلۆیە گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت.''

عەنتەر فەرهاد گوتیشی: ''سایلۆکە هیچ کەموکووڕییەکی نەماوە و 100% تەواو بووە و تەنها ئەوە ماوە گەنم وەربگرێت، بۆیە حکوومەت بڕیار بدات ئەمساڵ دەتوانن گەنم لەو سایلۆیە وەربگرن.''

فەرهاد باسی لەوەش کرد: ''کێشەی ستافی سایلۆمان هەیە و تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر حکوومەت بڕیار بدات دەتوانن لە شێخان ستاف بێنن و کارەکان بەڕێوە ببەن.''

سایلۆی ڕوڤیا بە گوژمەی 85 ملیۆن دۆلار دروست کراوە، کە یەکێکە لە سایلۆ گەورەکانی هەرێمی کوردستان.

 

بڵند ئیبراهیم