Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزی کشتوکاڵ لە ھەڵکشاندایە

هەولێر -KDP.info- پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی سوودمەندبوون لە قەرزی کشتوکاڵ بەردەوامە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتەکەش دەڵێ، داواکاریی ھاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی قەرزەکە لە ھەڵکشاندایە و بەردەوام داواکاری دەگاتە وەزارەت.

ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەی دابەشکردنی قەرزی کشتوکاڵی ڕاگەیاند، ڕۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگاکان داواکاری پێشکەش بە وەزارەت دەکرێت بۆ سوودمەندبوون لە قەرزی کشتوکاڵ و تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ کەس فۆرمیان پڕ کردووەتەوە و ژمارەیەک لە ھەلکشاندایە.''

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکال گوتی: "پێدانی قەرزی کشتوکاڵ پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەگرێتەوە و ھەر ھاووڵاتییەک پڕۆژەی ھەبێت، دەتوانێت بەپێی مەرجەکان سوودمەند بێت لە قەرزەکە، کە لە ١٥ ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات بۆ ١٠٠ ملیۆن دینار.

ھیوا عەلی ڕوونی کردەوە: "پێدانی قەرزەکە بە مەبەستی پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە لە ساڵانی ڕابردووش لە ڕێگەی قەرزی بچووک و مامناوەندەوە ھاوکاریی زۆری جووتیاران کراوە و حکوومەت بەردەوامیش دەبێت لە ھاوکاریی جووتیاران.''

 

قائید میرۆ