Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی لە رێگەی KDPیه‌وه‌ داوا لەو کەسانە دەکات سەردانیان بکەن

ھەولێر-KDP.info- رێکخەری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا گوتی، بڕیارێکی نوێ دەرچووە لەبارەی ئەو کەسانەی بەشە خۆراکیان بڕدراوە و ئێستا بڕیارێکی نوێ دراوە، کە ئەگەر مووچەیان بگاتە دوو ملیۆن دیناریش بەشە خۆراکیان پێدەدرێت، بۆیە داواکارین ئەوانەی بەشە خۆراکیان بڕدراوە، بێن سەردانمان بکەن بۆ ئەوەی بەشە خۆراکی مانگانەیان بۆ بگەڕێتەوە.

حوسێن سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "پێشتر ئەو کەسانەی مووچەیان ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار بووایە بەشە خۆراکی مانگانەیان لەلایەن بەغداوە دەبڕدرا، کە لە ھەرێمی کوردستانیش خەڵکێکی زۆر بەو ھۆیەوە بەشە خۆراکیان بڕدراوە و تەنھا لە پارێزگای دھۆک ٧٣١ خێزان بەشە خۆراکیان بڕدراوە".

سەبری گوتیشی: "لە رێگەی ماڵپەڕی ئێوەوە داوا لەو کەسانە دەکەین کە بەشە خۆراکیان بڕدراوە، بە تایبەت ئەوانەی لە کۆمسیۆن و لە سلکی سەربازی لە بەغدا دەوام دەکەن، بێن سەردانمان بکەن، بۆ ئەوەی بەشە خۆراکیان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە حکوومەتی عێراق بڕیارێکی تازەی دەرکردووە ھەر کەسێک مووچەی بگاتە دوو ملیۆن دینار ئەوکات بەشە خۆراکیان دەبڕن نەک ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار، ئەمەش وا دەکات زۆرینەی ئەوانەی بەشە خۆراکیان بڕدراوە جارێکی دیکە بۆیان بگەڕێتەوە، بەڵام پێویستە سەردانی ئێمە بکەن بۆ ئەوەی رێکارەکانیان بۆ ئەنجام بدەین و بەشە خۆراکیان بۆ بگەڕێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم