Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێزیدیایەتی و شنگال لە پرسێکی نێوخۆییەوە بۆ بە نێودەوڵەتی بوون

د.محمد خدرمولود 

رۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی دووەمی 20203 پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدی بەجینۆساید ناساند. لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەیان خاتوو ئەنالینا بێربۆرک لە بارەی ئەو بریارە گرنگ ومێژووییەی پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: بریاری بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی تەنیا دروشم نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە دادپەروەری بەرقەرابێ و ببێتە پشتیوانی مەزن بۆ گەڕانەوەی سەرفرازانەی ئێزیدییەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی باوباپیرانیان. بە گشتی ئەم بریارە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لە خەوێکی قوڵی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سەودای سیاسیی و بەرژەوەند خوازیوە ڕاچڵەکاند.  

هەڵبەتە ئەم بڕیارەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدی لە لایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە بووە چوارەمین بریاری بەجینۆساید ناساندنی پەرلەمانی وڵاتانی  ئەوروپی، هەرسێ بەجینۆساید ناسینی پێشووی پەرلەمانی بۆ ساڵی 2016 دەگەرێتەوە کە پەرلەمامی فەرەنسا لەو سالەدا و پاشان پەرلەمانی بەلجیکا و پەرلەمانی هۆڵەنداش کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدیان بەجینۆساید ناساندووە. 

ئێستا ئێزیدیایەتی و شنگال لە دوای بەجینۆساید ناسینی پرسی کۆمەڵکوژیان لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە لە 19-1-2023 دا هەست بە جۆرێک لە ئارامی دەروونی، دەروونە زامدار و جەستە ماندووەکەیان دەکەن و سێبورییان بەوە دێتەوە کە تا ئێستا لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا وەک پرسی نەتەوەکەیان پشتگوێ نەخراون و پەراوێز نەکراون. 

ئاخر لەدێرزەمانەوە، کوردایەتی و ئێزیدیایەتی دوو لای هاوسەنگی ئەو هاوکێشەیە بووە کە هەردەم لای دوژمنان بە داعش و مەعشەوەش وەحشیگەرانە بە ئامانج گیراوە.

ئەم بەجینۆساید ناسینەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگێکی بەهێزی دیکەیە دەچێتە پاڵ دەنگە بەهێزەکانی پەرلەمانی وڵاتانی فەرەنسا و بەلچیکا و هۆڵەندا و بەدڵنیاییەوە لە ئایندە دا دەنگی دیکەی بەهێزی پەرلەمانی وڵاتانی دیکەش بۆ خۆی دێنێتە دی و مسۆگەری دەکات. ئەو بەدەنگەوە هاتنە و ئەو بەجینۆساید ناسینەی پرسی کوردانی ئێزیدی وەک خاتوو ئانالینای وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتەنی بۆ بەر قەرارکردنی دادپەروەرییە لەو ناوچە هەڵایساوە ناسەقامگیرە بێ داد و دادوەرییە، هەروا پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ گەڕانەوەی ماڵبات و خاوخێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی باو و باپیران و قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کۆمەڵکوژیەکە و ناچارکردنی حکومەتی عێراق و هێزەکانی ناوچەکە بەرێزگرتن لە کوردانی ئێزدی بە جێبەجێ کردنی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی پرسی شەنگال و گەڕانەوەی خەڵکە لێقەوماوەکە بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆی. 

ئێستا پرسی ئێزیدیایەتی و شنگال لە پرسێکی نێوخۆیی قەتیسماو لە نێوان چەند هێزێکی خۆسەپێنەر و حکومەتی عێراقی دا وا دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و بەهێز و بە پشتیوانی نێودەوڵەتییەوە دێتەوە بەرباس و خواسی سیاسیی و مافی پێشلکراو و دادپەروەری دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکەکەی و شنگالی سەرفرازیش بە کوردانی ئێزدی ڕەسەن شاد دەکاتەوە.

لێردا جێگای خۆیەتی ڕۆڵی کارا و بەرپرسانەی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی لەدەستی داعش و پاشان هەوڵ و تێکۆشانی دبلوماسیانەی لە نێوندەکانی دونیا و وڵاتانی ئەوروپی دا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە بەرز بنرخێنین.  

ئیتر وا پرسی ئیزیدیایەتی و شنگال لە پرسی ناوخۆوە دەبێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و زۆرێک لە روخساری شاراوەی نێو دەمامکەکانیش وردە وردە هەڵدەوەرێن.

هەولێر 21-1-2023