Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میدیای سۆشەڵ

بەشی سێیەم 

پ.د.نەزاکەت حسین

سۆشیاڵ میدیا راستە درێژکراوەی کۆمەڵگە کۆمەڵایەتییەکەیە، بەڵام بە جیاوازتر و فراوانتر ژینگەیەکی خولقاندووە بۆ پەیوەندیکردن و ناسین و دۆزینەوەی کەسان و خەڵکانی تر و ئاگاداربوون لە بارودۆخیان، واتە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندە کە خەڵک دەتوانێت زۆر شت بکات. سەرباری بوارە فراوانە گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکە کە بۆی رەخساندووە، دەتوانێت کەمێک شاشەکە بەجێ بهێڵێت و بچێتە ناو کێڵگە و هەندێک بواری بەزمەساتەوە و پشوو بدات. گەشت بکات بە جیهاندا بە خەیاڵ نەک بە جەستە، هەرچەندە ئەمە باس و خواسی گەرمی دروست کردووە لای شارەزایانی ئەم بوارە کاتێک مرۆڤ بوار دەرەخسێت بۆی بە خەیاڵ بێ سنور گەشت بکات بە جیهاندا و خەڵک بناسێت و ئاگاداری ژیانیان بێت، بەڵام بە جەستە هەر لە شوێنەکەی خۆیەتی، چ دەرهاویشتەیەکی بەریەککەوتنی کەلتوری، ئایدیا، سایکۆلۆژی بۆ دروست دەبێت؟. دەگات بە خەیاڵ بە ژینگەیەک کە ئازادی تیادایە، بەڵام رەنگە لە ژینگەکەی خۆی ئەو ئازادیە نەبێت، دەگات بە کۆمەڵگەکەیەک کە کەلتورێکی جیایان هەیە، بەڵام لای کۆمەڵگەکەی ئەو کەلتورێکی ترە، دەگات بە کەسانێک هەڵگری ناسنامەی جیاواز و ئایدیا جیاواز و رەفتاری جیاوازن، فێری شتی نوێ رەفتاری نوێ دەبێت لێیان، لەکاتێکدا کە بەئاگا دێتەوە ئەو بە جەستە لە شوێنێکە ناتوانێت هیچ کام لەم رافتارانە بکات، لەم ئایدیایانە گوزارشت لێ بکات کە وەریگرتوون. جگە لەوەی خەیاڵی فراوان دەبێت، ئەندێشەی کراوەتر دەبێت، لەکاتێکدا بە جەستە لەیەک شوێندایە کە سنوردارە ناتوانێت بگاتە بەو شوێنانەی بەخەیاڵ پێی گەیشووەو، هەڵگری ئەو ناسنامانە بێت کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بێ سنور پێیان ئاشنا بووە، ئەمە قەلەقی ناسنامە و ناڕوونی ناسنامە و نائارامی دەروونیشی بۆ دروست دەکات. حەز دەکات بفڕێت، بڕوات بەرەو ئەو شوێنانەی کە بینیویەتی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی، بگات بەو مرۆڤانەی کە ناسیونی لەوێدا، ئەو رەفتارانە بکات کە لەو ژینگە خەیاڵی و فراوانیە بینیویەتی، چونکە ئینتەرنێت خەڵکی پەیوەست کرد بەیەکەوە، نۆرمێکی یەکپۆشی کەلتوری دەیەوێت بۆ دروست بکات. بەڵام کە بەئاگا دێتەوە هیچ کام لەمانە ناتوانێت، لەلایەکی تریشەوە ئاگاداربوون لە ژیان و رووداوەکانی جیهان کە پێشتر هەرگیز نەمان دەزانی ئەوە کوێیە؟ ئەوانە کێن؟ چ گرفتیان هەیە؟ باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمریکا لە کۆنفرانسی Disinformation threat to democracy دەڵێت پێش تەکنەلۆجیای زانیاری و سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر لە لادێیەکی تێکساس بژیایتایە نەتدەزانی چی لە سان فرانسیسکۆ روودەدات، ئەگەر لە لادێیەکی یەمەن بژیایتایە، نەتدەزانی چی خولیاو کاتبەسەربردنەکانی کیم کارداشیانە. "لەبارەی کۆبوونەوەی خەڵک و یەکترناسینەکانیش دەڵێت" جاران کاتێکی زۆرت دەویست تا خۆپیشاندانێک رێکبخەیت، خەڵک کۆبکەیتەوە، پەیامەکە بگەیەنیت، نارەزایەتییەکان رێکدەخران لەلایەن سەندیکاکان و رێکخراوەکان، ئەمڕۆ نارەزایەتییەکان رێکناخرێن لەلایەن نەقابەکان یان رێکخراوە ناحکومیەکان، بەڵکو لەلایەن خەڵکانێک  رێکدەخرێن کە رەنگە یەکتریش نەناسن. هەفتەیەک پێشتر، ریفراندۆمەکان رەنگە لەلایەن کەسانێکەوە رێکبخرێن بانگەشەی بۆ بکرێت کە هەرگیز سیاسی نەبوون، بۆیە ژینگەیەکی بێ سنوری رەخساندووە کە بە هەموو جیاوازییەکان کۆیان دەکاتەوە. کە ئەمە دەرهاوێشتەی فەراهەم بوونی ژینگەیەکی کراوەو بێ سنورە بۆ بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی.