Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەولود سابیر: ڕێکارەکانی کردنەوەی بانکی نیشتمانی تەواو بوون

هەولێر -KDP.info- ھەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمانی، ھاوشێوەی بانکی ناوەندیی عێراق کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانیش دەڵێت، تەنیا ئیمزای وەزیری داراییی عێراق ماوە بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێکارەکانی کردنەوەی بانکی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان کۆتایییان ھاتووە و نووسراومان داوەتە بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە بەغداوە بە مەبەستی سیاسی ئاستەنگ دروست دەکرێت، چونکە نایانەوێت ھەرێم بانکی نیشتمانیی ھەبێت، بەھانەکانی بەغدا دیارن و بانکی ناوەندی نووسراوی بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران کردووە، ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن، لە دەسەڵاتی ھەرێمە بانکی نیشتمانی بکاتەوە، دیسان نووسراو چووەتە وەزارەتی داراییی عێراق، ئێستا تەنیا لەسەر ئیمزای وەزیر ماوە بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان.''

بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکان گوتیشی: "ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ کردنەوەی بانکی نیشتمانی و پلانمان ھەیە دوای کردنەوەی بانکی نیشتمانی ژمارەی بانکەکان لە ھەرێمی کوردستان کەم بکرێتەوە.''

مەولوود سابیر ئاشکرایشی کرد: "کردنەوەی بانکی نیشتمانی زۆر سوودی دەبێت، یەکێک لەوانە خەرجکردنی پێشینەکانە ھاوشێوەی بەغدا و خستنە ڕووی دۆلار وەک بانکی ناوەندیی عێراق، لەبەر ئەوەی بە ھەمان یاسای بانکی ناوەندی کار دەکات و کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان.''

 

قائید میرۆ