Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێشتا کوتلەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن

بەغدا-KDP.info- بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، کارنامەی کۆبوونەوەکە لە چەند خاڵێک پێک دێت و هێشتا کوتلەکان لەسەر دابەشکردنی لیژنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێ دەستبەکار دەبن و ژمارەیەکی دیکەش بەسەر لیژنەکانی پەرلەماندا دابەش دەکرێن، دواتر خوێندنەوە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا دەکرێت، لەوانەش پڕۆژەیاسای ئەندامبوونی عێراق لە دادگای لاھای بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها چەند پڕۆژەیاسایەکی دیکەش لەنێو کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ھەن.

لەبارەی دیاریکردنی لیژنەکانی پەرلەمانیش، پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت، ھێشتا بابەتی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان یەکلا نەبووەتەوە، چونکە کێشە ھەیە لە نێوان شیعە خۆیان و دواتر نێوان شیعە و سوننە، بۆیە لەسەر لیژنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

دووبەردانی روونیشی کردەوە، ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە ھەیە، ھێشتا ئەنجامی نەبووە، چونکە دەبێت لیژنەی سیادی و لیژنەی ئاسایی لێک جیا بکرێنەوە و بەشی کورد دیاری بکرێت، دواتر فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان کۆببنەوە بۆ ئەوەی لەنێو خۆیاندا لیژنەکان دابەش بکەن و ھەریەکەو بە گوێرەی ژمارەی کورسییەکان لیژنەیان پێ دەدرێت، کە بێگومان سەرۆکایەتیی لیژنەیەکی سیادی بۆ پارتی دەبێت.

 

قائید میرۆ