Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی هەیە

هەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی هەیە، بۆ ئەوەی ناوماڵی کوردی یەک بخرێت و ئێستاش سەرقاڵی زەمینەسازییە، چونکە لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، دۆستانمان داوای یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی دەکەن.

زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەریی هەیە، بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و ناوماڵی کوردی یەک بخرێت، چونکە یەکخستنی ناوماڵی کوردی زۆر پێویستە و دەستکەوتەکانمان پارێزراو دەبن و سەنگی کوردیش زیاتر دەبێت، بۆیە گرنگە کورد یەکگرتوو بن، لە ئێستاشدا ئامادەسازی دەکرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان".

کەمال گوتیشی: "دۆستانمان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش بە تایبەت ئەمەریکا، داوای یەکڕیزیی کورد دەکەن، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و کێشەکانمان بە یەکگرتوویی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە چارەسەر بکەین".

دەشڵێ: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە هەرچی کێشە و گرفتێک هەبێت چارەسەر بکرێت، ئەوەش هەمیشە لە بەرنامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە ئێستا دەیەوێت دەرفەتێکی باش بڕەخسێت بۆ کۆبوونەوە و یەکخستنی ناوماڵی کوردی، چونکە هەمووان دەیانەوێت بە یەک تیم رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و چارەسەریان بکەین، بۆیە گرنگە لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن".

 

بڵند ئیبراهیم