Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكى هه‌نگاریا كۆبووه‌وه‌

هه‌ولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى، 2022/12/9 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌ولێر‌ پێشوازى له‌ خاتوو کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاریا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌نگاریا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عێراق به‌گشتى، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، شه‌ڕى دژى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و هاریكاریى هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیى هاوكارى و پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ پێویست زانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى داعش.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى سه‌رۆكى هه‌نگاریا، سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ نیشانه‌ى پشتگیرى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا و سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى سه‌ربازیى هه‌نگاریا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتى شه‌ڕى دژى داعشدا، هه‌روه‌ها یارمه‌تیى مرۆیییان به‌تایبه‌تى بۆ مه‌سیحى و ئێزدییان ده‌ربڕى.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاریا سوپاس و پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ قوربانییه‌كان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنى داعشدا ده‌ربڕى و به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها داعش و تیرۆرى به‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئازادى و دیموكراسى له‌ قه‌ڵه‌م دا و سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ پێكه‌وژیان و لێبورده‌یى و پاراستنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان به‌تایبه‌تیش پێكهاته‌ى مه‌سیحى و ئێزدى.

په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، گرنگیى پاراستنى سه‌قامگیرى و سه‌روه‌ریى عێراق، شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و لێكه‌وته‌كانى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.