Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشێکی دیکەی زیان لێکەوتووانی سەردەمی ڕژێم قەرەبوو دەکرێنەوە

هەولێر-KDP.info- بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی مۆلکداریی عێراق ٥٠٠ ھاووڵاتیی دیکەی ھەرێم، ئەوانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس زەرمەند بوون، قەرەبوو دەکرێنەوە و دەشڵێ، ھەموو ئەوانەی لە سەردەمی ڕژێم زیانیان بەر کەوتووە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

تارا ئەنوەر قەرەداغی، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی موڵکداریەتیی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە وەک دەستەی موڵکداریەتیی عێراق لە ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی قەرەبووکردنەوەی زەرەرمەندانی سەردەمی ڕژێمی بەعس سێ ملیار دیناری دیکە بەسەر زیان لێکەوتووانی دەستی بەعسدا دابەش دەکەین، ئەوەیش دوای ھەوڵەکانمان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی موڵکداریەتی بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلا جەواد ڕەزامەندیمان وەرگرت بۆ دابەشکردنی ئەو گوژمەیە بەسەر ئەو ھاووڵاتییانەی ھەرێمدا کە داوایان پێشکەش کردبوو لە سەردەمی ڕژێمی لەناوچوی بەعس زەرەرمەند بوون.''

بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی موڵکداریەتی دەڵێت: "قەرەبووکردنەوەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێشتر داواکارییان پێشکەش کردووە و لەلایەن لیژنەی باڵاوە پەسەند کراون، ئەوانە سوودمەند دەبن لەو قەرەبووکردنەوەیە، لیژنەی دادوەران بڕیاری لەسەر قەرەبووکردنەوەیان دەرکردووە و ٥٠٠ کەس سوودمەند دەبن.''

تارا ئەنوەر قەرەداغی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بەردەوام دەبێت و پێشتریش بە چەند ھەنگاوێک قەرەبووی ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە، ھەرکەسێکیش زیانی بەرکەوتووە مافی تۆمارکردنی داواکاریی ھەیە و دوای پەسەندکردنی سوودمەند دەبێت.''

 

قائید میرۆ