Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

‎ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دادەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/12/2022 وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

‎ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (6/12/2022) کاتژمێر (1:30)ی دوای نیوەڕۆ، هێزێکی نزیکەی (50) کەسی هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە کرد کەوا هەموو دۆسیەکانی ناوچەی (قادر کەرەم) کە نزیکەی (350 تا 400) دۆسیەیە ڕادەستیان بکات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەلایەن دادگا، یان لایەنێکی فەرمیی ڕێپیدراو پێ بێت، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەلی داواکارییەکەیان نەبوو هەڵسان بە شکاندنی قفڵی ژووری دۆسیەکان و سەرجەم دۆسیەکانی موڵکەکانی (قادر کەرەم)یان بە دۆڵابەوە برد، هەروەها دیسکی کامێرای بەڕێوەبەرایەتیی ئاماژە پێکراویان بردووە،

‎ئێمە ئەم کردەوەیە بە شکاندنی سەروەریی یاسا و زێدەڕەویی لەسەر هەیبەتی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەزانین و پێشێلکردنێکی زەقە لەسەر بەڵگەنامە و دیکیۆمێنتی خاوەنداریەتیی هاووڵاتییانی ناوچەکە، بۆیە بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانگەکانی حکوومەت دەکەین کە پێچەوانەی یاسا و بەرژەوەندیی گشتییە. داواش لە سەرجەم لایەنە فەرمییەکان و دامودەزگاکانی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی دەکەین بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکەن و ڕێکاری یاسایی پێویستیش بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسیانە بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ.

 

‎وەزارەتی داد

‎حکومەتی هەرێمی كوردستان

2022/12/8