Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP خاڵەکانی کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ دەخاتەڕوو

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرای کرد، کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ چەندین خاڵ لە خۆ دەگرێت، لەوانەش چۆڵکردنی بارەگای ھێزە کوردییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.

دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق رێک دەخرێتەوە و دەست دەکرێت بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەوانەی سوودمەند دەبن لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ بۆ قەرەبووکردنەوە، ئەمەش بەپێی ئەو داواکاریانەی پێشتر تۆمار کراون و دۆسیەیان ھەیە بۆ قەرەبووکردنەوە.

سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ گوتیشی، باسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالیش کراوە کە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال، کە پێشتر ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ رێککەوتنیان لەسەر کردووە، ھەروەھا جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی بۆ جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە.

دژوار فایەق روونیشی کردەوە، ھەر لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بڕیارە بارەگای لایەنە کوردییەکان لەو ناوچە کوردستانیانەی دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر داگیر کراون، چۆڵ بکرێن و لایەنە کوردستانییەکان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە کەرکووک و نەینەوا و دیالە.

 

قائید میرۆ