Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ڕووناککردنەوەی گوندەکان

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە بەردەوامیی گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بۆ گوندەکان، کارەبا گەیەندرایە گوندێکی دیکە لە سنووری گەرمیان و ڕووناک کرایەوە و بەردەوامیش دەبن لە گەیاندنی کارەبا بۆ گوندەکان کە تا ئێستا کارەبای پێ نەگەیشتووە.

ئومێد ئەحمەد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەیاندنی کارەبا بۆ گوندەکان بەردەوامە، ئەوانەی تا ئێستا بێ کارەبای نیشتمانین و لە پلاندایە کارەبا بگەیەندرێتە سەرجەم ئەو گوندانەی بێ کارەبان، بۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لەسەر ڕێژەی داهاتی 8% کارەبا بە گوژمەی 170 ملیۆن دینار کارەبا نیشتمانی گەیەندرایە گوندی سەیبێ خان  سەر بە گەرمیان.''

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ''بەردەوام کار دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی کارەبا بگەیەننە سەرجەم گوندەکانی هەرێمی کوردستان کە لانەی شۆڕشی کورد بوونە و قوربانیی زۆریشیان لەپێناو پێشمەرگە و خەباتی گەلی کورد داوە، بەتایبەت سنووری گەرمیان کە زۆرینەی کەسوکارەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفالی ڕژێمی بەعس کەوتوون.''

گوتیشی: ''ئامانجی ئێمەیە هەموو گوندەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەوانەی دوورەدەستن و بێ کارەبای نیشتمانین ڕووناک بکەینەوە، چونکە ئەوە پلان و ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.''

بڵند ئیبراهیم