Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی نوێی قەزای سیدەکان دەستبەکار بوو

سیدەکان -KDP.info- دوای ئەوەی دوێنێ بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قەزابوونی سیدەکان بەفەرمی ڕاگەیەندرا، قایمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالەت دیاری کراوە تاوەکوو قایمقامێکی نوێ دەستنیشان دەکرێت و ئێستا دەست بەکار بووە و لەمەودوا هەموو نووسراوەکان بە ناوی قەزا دەردەکرێن.

ئێحسان چەلەبی کە پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بوو، دوای بەفەرمی ڕاگەیاندنی قەزای سیدەکان، بە بڕیاری حکوومەت وەکوو قایمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالەت دەستبەکار بووە و، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی بەفەرمی سیدەکان بووە قەزا، ئێستا من وەکوو قایمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالە پۆستەکە بەرێوە دەبەم و دەستم بە کار کردووە.''

ئێحسان چەلەبی گوتیشی: ''جارێ من وەکوو قایمقامی بەوەکالەت دیاری کراوم و خۆیشم کاندید کردووە و داوام کردووە بە فەرمی ببمە قایمقام، بەڵام هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە و لە داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت، گرنگ ئەوەیە ئێستا پۆستەکە من بەڕێوەی دەبەم.''

چەلەبی گوتیشی: ''زۆرینەی فەرمانگەکان لە قەزای سیدەکان هەیە تەنها چەند فەرمانگەیەک نەبێت ئەوانیش دادگا و دادنووس و بەڕێوبەرایەتیی پەروەردەی سیدەکان کە ئەوانە پێویستن و بەشێکیش لە هۆبە دەبنە بەش، وەکوو پۆلیس و ئاسایش و لە داهاتوودا گەشتوگوزار و شوێنەواریش دەکرێنەوە، هەر دوێنێش وەزیری ناوخۆ بەڵێنی دا خزمەتگوزاریی زیاتر لە سیدەکان ئەنجام بدرێت.''

بڵند ئیبراهیم