Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەت 64 بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە دەکات

هەڵەبجە -KDP.info- سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجەی شەهید گوتی، بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان 64 بەرکەوتووی دیکەی چەکی کیمیاوی بۆ چارەسەرکردن و ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی لە هەڵەبجەی شەهید، لوقمان عەبدولقادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناردنە دەرەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بەردەوامە و وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ناوی 64 بەرکەوتووی ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێک هاتووە بۆ دیاریکردنی کەسەکان و لەسەر بنەمای واستە و واستەکاری، کەسەکان دیاری کراون، بۆیە پێویستە ئەوانە ڕەوانە بکرێن کە زۆر پێویستە و بارودۆخی تەندروستییان باش نییە.''

لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: ''جگە لەوە، پێویستە میکانیزمی ناردنە دەرەوەی بەرکەوتووانیش بگۆڕدرێت و چاودێرییان بکرێت لە چوون تا دەگەڕێنەوە، نەک تەنها خۆیان بچن و هەرکاتێکیش پێویستی بە سەردانیکردن هەبێت بۆ لای دکتۆر ڕەوانە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی سوود لە چارەسەرییەکە وەربگرن.''

عەبدولقادر ڕوونیشی کردەوە: ''لە هەرێمی کوردستان 835 بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی هەیە و پێشتر 972 کەس بوو، ئەوانەی دیکە کۆچی دواییان کردووە و هەر دوێنێش بەرکەوتوویەکی دیکە کۆچی دوایی کردووە، بۆیە ئێستا 834 کەس ماون.''

 

بڵند ئیبراهیم