Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان بۆ KDP: ناوەستین تاوەکو دەرماڵە بۆ پێشمەرگەش خەرج دەکرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەموو مووچەخۆران دەرماڵە وەردەگرن جگە لە هێزی پێشمەرگە، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەوەی دەرماڵە بۆ هێزی پێشمەرگەش خەرج بکرێت.

ریڤینگ هرووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە هەرێمی کوردستان سەرجەم مووچەخۆران دەرماڵەی خێزان و منداڵ و بڕوانامەیان هەیە، بەڵام هێزی پێشمەرگە تا ئێستا مووچەیان جێگیرە و هیچ دەرماڵەیەکیان نییە، بۆیە ناکرێت کە پاراستنی هەرێم لەسەر شانی ئەوانە، بێ دەرماڵە بن، لەبەر ئەوە وەزارەتی پێشمەرگەش کاری لەسەر دەکات و ئەوانیش بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی دەرماڵەیان پێبدرێت.

هرووری گوتیشی: "کاری باشمان کردووە و قسەمان لەگەڵ وەزیری داراییش کردووە، کە بڕیارە ئێمە سەردانیان بکەین یاخود وەزیر بێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین، بۆیە بەردەوام دەبین و ناوەستین تاوەکو هاوشێوەی مووچەخۆران دەرماڵە بۆ هێزی پێشمەرگە خەرج دەکرێت".

دەشڵێ، لە ئێستادا هەموو هێزی پێشمەرگە مووچەیان وەکو یەکە و مووچەکەشیان کەمە، بۆیە پێویستە دەرماڵەیان بۆ خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی مووچەی ئەوانیش زیاد بێت.

 

بڵند ئیبراهیم