Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. ڤیان سەبری: چەندین داواکاریمان ئاراستەی سوودانی کردووە

بەغدا -KDP.info- فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و سەرۆکی فراکسیۆنیش دەڵێت، جگە لەوەی پاڵپشتیی خۆمان بۆ بەرنامەی کابینەکەی سوودانی ڕاگەیاند، ھاوکات چەندین داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە سەرۆکوەزیران کرد.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنی وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کرد، مەبەست لە سەردانەکە بۆ پیرۆزبایی و پشتیوانی بوو لە کابینەی سوودانی وەک ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەولە، داوامان کرد پابەند بن بەو ڕێککەتننانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کراون لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەولەتدا.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "بە نووسراوی فەرمیی ژمارەیەک داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، ھەروەھا دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و کێشەکانی سەر سنووریش چارەسەر بکرێن.''

د. ڤیان سەبری ڕوونی کردەوە: ''داوامان لە سوودانی کرد ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێن لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا، ھەروەھا خەرجکردنی پارەی ساڵانی ڕابردووی جووتیارانی ھەرێم خەرج بکرێت و ژمارەیەک قوتابخانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی عێراق و چین لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، جگە لەوەش، داوای مافی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوامان کردووە.''

 

قائید میر