Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جووتیاران و بازرگانان: مەسرور بارزانى بەڵێنێکی پێداوین

هەڵەبجە -KDP.info- مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى کوردستان ڕاىگەیاند لە ئایندەدا نەوت نامێنێت و گرنگى بە کەرتى کشتوکاڵ دەدەین، هاوکارى جووتیاران دەبین و بازاڕى دەرەوە دەدۆزینەوە بۆ بەرهەمەکانیان، جووتیاران و بازرگانانى کشتوکاڵى دەڵێن، مەسرور بارزانى بەڵێنەکەى بردە سەر و هاوکارمانە لە بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنى لە دەرەوەى وڵات.

محەمەد نامیق باخەوانى هەنار، بە ماڵپەرى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: گرنگیدانی حکوومەت و سەرۆکوەزیران بە بەرهەمى کشتوکاڵى و باخەوانى وامان لێ دەکات ئێمە زیاتر هەوڵ بدەین پەرە بە باخ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان بدەین.''

محەمەد نامیق دەڵێ: ''داواکاریى ئێمەى هەموو جووتیاران بوو کە بازاڕى دەرەوە بۆ بەرهەمەکانى کشتوکاڵ و باخەکانمان بدۆزرێتەوە، دەشبینین ئێستا سەرۆکوەزیران مووژدەى دەستپێکى هەناردەکردنى بەرهەمەکانى کشتوکاڵ و باخەکانى کوردستانى پێ داین، من ئێستا خاوەنى باخێکم ساڵانە نزیکەى ٧٠ تۆن هەنارمان هەیە بەدڵنیاییەوە هەنگاوەکانمان بۆ زیاتر پەرەدان بە باخەکەمان لەمساڵەوە زیاتر دەکەین و بەرهەمان زیاد دەکەین.''

خەسرەو جاف، جووتیارى نموونەى دەشتى شارەزوور، ڕاىگەیاند: سوپاس بۆ خوا پاش ئەوەى بەروبوومى کشتوکاڵى ئێمە هەندێکیان هەناردەى دەرەوەیان کردووە و دۆزینەوەى بازاڕ بۆى بە هەوڵى سەرۆکوەزیران و بەڵێنەکەى بردەسەر بە ئێمەى جووتیارانى دابوو، خۆشحاڵین داواکارى زۆر لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى ئێمە هەیە لە بازاڕەکانى ئەورووپا و وڵاتانى عەرەبى.''

خەسرەو جاف گوتیشى: ''بەرهەمەکانى ئێمەى جووتیارانى کوردستان بەرهەمێکى بەکوالێتییە و دەتوانین بڵێن، سەرنجى بازاڕى دەرەوە بۆ بەرهەمەکانمان ڕابکێشن و خۆشحاڵین سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانى خۆى دەڕواتە لاى جووتیاران و لە نزیکەوە چاوى بە بەرهەمەکانمان دەکەوێت، ئێمە دەزانین لەم کابینەیە گرنگیى زۆر بە کشتوکاڵ دراوە، هەروەها ئێمەى جووتیارانى کوردستان دەتوانین ئاسایشى خۆراک لە وڵاتەکەمان سەقامگیر بکەین و هیچ مەترسییەکى خۆراک دروست نەبێت، داواش لە سەرۆکوەزیران دەکەین گرنگیى زیاتر بە کەرتى کشتوکاڵ بدات.''

فەرەیدۆن نامدار، بازرگانی هەناردەکارى هەنار بۆ دەرەوەى وڵات، بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: ''حکوومەت و سەرۆکوەزیران زۆر پشتیوانمانن زۆر سوپاسیان دەکەین، بەدەم داواکارییەکەمانەوە هاتووە و هەماهەنگیى لەگەڵ کردووین، لە ڕوى ماددى و مەعنەوى و ڕێکخستنى بازاڕ و بەبازاڕکردنى بەرهەمەکان هاوکارمانە.''

فەرەیدوون نامدار گوتیشى: ''هەنارى کوردستانمان کردووە بە براند و هەناردەى بازاڕەکانى وڵاتانى لەندەن و ئیماڕات و قەتەر و کوێت دەکەین، سەرۆکوەزیران بەڵێنى پێ داوین بەردەوام پشتیوانمان بێت، جگە لە هەنار بەرنامە داندراوە هەنجیر و ترێ و تەماتە و پەتاتە و شووتى بنێرینە دەرەوە لە کات و وەرزى خۆیدا.''

نامدار زیاتر گوتى: ١٥٠٠ تۆن هەنار دەنێرینە دەرەوەى وڵات و تاکوو ئێستا ٥٠٠ تۆن هەنارمان ناردووەتە دەرەوە و گرێبەستمان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک هەیە کە هەنارەکانمان بۆ دەگەیەننە بازاڕەکانى دەرەوە.''

عەزیز ڕەسووڵ