Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: ئەم سیستمە لە گشت وەزارەتەكانی حكوومەتدا جێبەجێ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە كردنەوە و دەستبەكاربوونی یەكەم پۆرتاڵی تایبەت بە سیستمی ئەلیكترۆنی گرێبەستە گشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم.

لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پێشوازی لە كردنەوە و دەستبەكاربوونی یەكەم پۆرتاڵی تایبەت بە سیستمی ئەلیكترۆنی گرێبەستە گشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، كە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافییەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتییەكان، بەشێوەیەك كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ كارابوونی زیاتری دارایی گشتی و پشتگیری لە سەرهەڵدانی بزنسی بچووك و مامناوەند دەكات، برەو بە پیشەسازیی نوێ دەدات و سەرەنجام جێبەجێكردنی چاكسازییەكانمان خێرا دەكات.

سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، خۆشحاڵم كە وەزارەتی پلاندانان لە ئێستاوە دەستی كردووە بە نوێكردنەوەی ڕێنوێنییەكانی تەندەرە گشتییەكان، هەروەها ڕاهێنانی بە بەڵێندەران كردووە بۆ شارەزابوون لە بەكارهێنانی پۆرتاڵی نوێ و لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەم سیستمە لە گشت وەزارەتەكانی حكوومەتدا جێبەجێ دەكرێت.

باسی لەوەش كردووە، ئەم خزمەتگوزارییە، یەكێك بوو لە دەستپێكی خزمەتگوزارییەكان كە لە ناوەندی داتاكانی حكوومەتی هەرێمدا، ئامادەكاری بۆ كرا و یارمەتییەكی زۆری حكوومەت دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە داتاكان و بینینی كاڵا و خزمەتگوزارییەكانی بەردەست لە كەرتی تایبەتدا.

لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، دەستخۆشی و ڕێز و پێزانینم بۆ ماندووبوونی وەزیری پلاندانان دارا ڕەشید و تیمەكەی هەیە بۆ سەرخستن و بەردەوامبوون لە پڕۆژەكە، سەرەڕای ماوەیەك وەستان بەهۆی پەتای كۆڤیدەوە. هەروەها سوپاسی ئاژانسی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی كۆریا - (كۆیكا-KOICA)  دەكەم بۆ پشتگیریی و هەوڵە بەردەوامەكانیان، لەپێناو پەرەپێدانی تواناكان لە كەرتی گشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.