Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە فەرمی بودجە بۆ لیوای 20ی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە دیاری کرا

بەغدا-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بەفەرمی بودجە بۆ لیوای 20ی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ناوچە کوردستانییەکان دابین کراوە لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا و دەخرێتە ناو بودجەی گشتی و هەرکاتێک پەسەند بکرێت لیواکە دەست بەکار دەبێت و مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن.

سەگڤان سندی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەسەر داواکاریی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بودجە بۆ لیوای 20ی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە چوارچێوەی بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا خراوەتە ناو بودجەی گشتیی عێراق، کە ماوەیەکی زۆرە ئەو لیوایە ئامادەیە و چاوەڕێی بودجەیان دەکرد بۆ ئەوەی دەستبەکار بن.''

سەگڤان سندی گوتیشی: ''هەموو ڕێکارەکانی دروستکردنی لیوای 20 تەواو بووە و تەنها لەسەر دابینکردنی بودجە مابوو بۆ ئەوەی مووچەیان پێ بدرێت، ئەوەشیان بۆ دابین کرا و بودجە پەسەند بکرێت، دەستبەکار دەبن و مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن.''

سندی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو هێزە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بپارێزن، کە ڕۆڵێکی باشیان دەبێت لە پاراستنی ناوچە کوردستانییەکان.''

بڵند ئیبراهیم