Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانتارێکی پارتی: سەرۆک بارزانی بڕیار لەسەر پڕکردنەوەی دوو پۆست دەدات

بەغدا -KDP.info- دوو پۆستی دیکەی حکوومەتی عێراق بەر پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوون و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، سەرۆک بارزانی بڕیار لەسەر پڕکردنەوەی ئەو دوو پۆستە دەدات.

شێروان دوابەردانی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەردوو پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری کوردانی ئێزدیش بەر پارتی کەوتوون و وەزارەتی ژینگەش بەر یەکێتیی نیشتمانی کەوتووە، کاندیدی پارتی تا ئێستا بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەنگین ڕێکانییە و زانیاریم نییە لەسەر کاندیدی ڕاوێژکاری ئێزدییەکان.''

پەرلەمانتارەکەی پارتی ڕوونی کردەوە: "سەرۆک بارزانی لە ئایندەیەکی نزیکدا کاندید بۆ ھەردوو پۆستەکەی بەر پارتی کەوتوون یەکلا دەکاتەوە.''

شێروان دووبەردانی ئاشکرای کرد: "پێویستە تا حەفتەیەکی دیکە ئەو پۆستانەی کورد یەکلا بکرێنەوە، چونکە پەرلەمان دەچێتە پشووی زستانە، ئێستا شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانەی کورد.''

 

قائید میرۆ