Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

30 ساڵە خەبات بۆ ئەنجوومەنێكی حزبی نییە

د.محمد خدرمولود

بە سووکە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی 30 ساڵ بەر لە ئەمرۆی هەرێمی کوردستاندا هاوکێشە سەرەکییەکە وا دەخوێنینەوە: گەر سەدا پەنجای پیرۆزی و مەزنێتی راپەڕینی  ئازاری ساڵی 1991 لە سەرکەوتنی خودی راپەڕینە جەماوەرییەکە و شکست و دەڕپەڕاندنی دامودەزگا داپلۆسێنەرەکەی رژێمی بەعس دابووبێ ئەوا سەدا پەنجایەکەی تری ئەو وەرچەرخانە لەوە هاتەدی، کە خەباتی چەکداری شاخی سەردەمی بەرەی کوردستانی بۆ خەباتی شاری شارستانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی دامەزراوەی دەوڵەتی گۆڕدرا.  

گۆڕان و وەرچەرخان لە دیفاکتۆی شۆرشگێری شاخ بۆ شار، کە بەرەی کوردستانی نوێنەرایەتی سیاسیی ئەو دیفاکتۆیەی شاخی دەکرد بۆ زۆر لە بابەت و جومگەکانی ژیانی گشتی کۆمەڵگای کوردستانی وەک پێویست نەبوو، هەروا نەیدەتوانی کاروباری جەماوەر و دامودەزگا فەرمییەکان وەک پێداویستییە یاساییەکانی سەردەم دەیویست بەرێوەببات. بۆیە دیفاکتۆی دیموکراتی سندوقی دەنگدان و هەڵبژاردنی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان نەک هەر بە یەکەمین سەرکەوتنی پرۆسەی ئازادی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دادەنرێ، بەڵکو بۆ یەکەمجاریشە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا خەڵک و جەماوەر رۆڵی کارایان هەبێ و ببن بە بەشێک لە پرۆسەی بنیاتنان و دامەزراندنی دامەزراوە نیشتیمانییەکانی وەک دەسەڵاتی پەرلەمانی – یاسایی، دەسەڵاتی جێبەجێکردن – حکومەتی - وەزاری، دەسەڵاتی دادوەری و هەروا رۆڵ و کاریگەرییان هەبێ بۆ بواری گرنگی دامەزراندنی جڤاک و کۆمەلە و پارت و رێکخراو و سەندیکاكانی کۆمەڵگای مەدەنی. 

بۆیە رۆژی 19ی ئایاری 1992 رۆژی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلی کورد و کوردستانیانە نەک هەر بۆ باشوورییەکان، بەڵکو بۆ هەموو کوردێکی نیشتیمانی نەتەوەیی لە هەر کوێیەک بوو بێیت. رۆژێکی مێژوویی تایبەتە و شاری هەولێریش وەک شوێن و پێگە پایتەختی سیاسیی و بریار و ئایندەییە. 

لەوێ رۆژێوە، ئەوە 30 سالە هەولێر لە خەبات و تێکۆشانی شارستانی و مەدەنی و جڤاکی و رێکخراوەیی و پیشەیی و کارامەیی دایە، بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەو ئەزمونە سیاسییە ئیدارییە دەوڵەتداریە کوردستانیەی کە هەموو نەیار و ناحەزانی ناوخۆ و دەرەکی چاویان تێبڕیوە و درێغیان نەکردووە لە پیلانگێڕی بۆ ئاستەنگ نانەوە و گرفت دروستکردن تا لەباربردنی.

سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە، ئەزموونی سیاسی کارگێری حوکمداری و حکومەتایەتی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتداری دەبینێتەوە وا بە ئاسانی و بێ قوربانی دان نەگەیشتۆتە رۆژی ئەمرۆی کۆبوونەوەی دوکانی رێکەوتی 24-11-2022 .

بۆیە ئەو پێشنیارەی ئەو رۆژەی کۆبوونەوەکەی دوکان کە باس لە دروست کردنی ئەنجومەنێکی باڵای حزبی دەکات بۆ هەرێمی کوردستان چەند خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێ یەک لەوانە هەوڵی گەڕاندنەوەی کوردستانە بۆ 30 ساڵ بەر لە ئێستا و قۆناغی بەر لە هەڵبژاردن و بەر لە دامەزراندنی حکومەت و زاڵکردن و هەژمونداری حزب و کەس و لایەنانی دەست رۆیشتووە بۆ زاڵکردنی حزب و میزاجی کەسەکان بە سەر دامەزراوەی فەرمی دەوڵەتی هەروا بە زۆری و زۆردارەکی سەپاندنی مەبەست و بریارە لە دەرەوەی دامەزراوە نیشتیمانییەکان و بێ بایەخکردنی ڕۆڵ و پێگە و دەنگی جەماوەر و گەلە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا.

ئەمانە هەموو لە بواری سیاسیی و کارگێری دەوڵەتداری دا مانا و ڕەهەندی قوڵی تێگەیشتنیان هەیە دەمانگەیێنێتە ئەو بابەتە شاراوەی پشت پەردە کە ترس و فۆبیایە لە (هەڵبژاردن و دەستووری هەرێمی کوردستان)دا، لە هەمانکاتیشدا بێ بایەخ سەیرکردنی کۆی پرۆسەی دیموکراتی هەڵبژاردن و دامەزراوە نیشتیمانییەکانیش دەگرێتەوە .