Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. شێروان سادق: نرخی دەرمان دیاری دەکرێت و ڕێگە بە دەرمانی کواڵێتی نزم نادرێت

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان ئاشکرای کرد، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ھەنگاوی باش نراون لە کەرتی دەرمان و دەشڵێ، ھاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی بارکۆدی سەر دەرمانەوە زانیاری لەبارەی نرخ و بەرھەمھێنانی دەرمانەوە بزانن.

د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کەرتی دەرمان لە سێ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی بەرچاو کراون، لەوانەش جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت و نەھێشتنی ڕۆتین، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی ھیچ کەس و کۆمپانییەک لەبەرچاو ناگیرێت، بەتایبەتی ھەندێ سەرچاوەی باوەڕپێکراوی دەرمان دیاری کراون.''

بەڕێوەبەری گشتیی کونتڕۆڵی دەرمان گوتیشی: "ئێستا دەرمان لە ھەموو سەرچاوەیەکەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان ناکرێت، ھەروەھا ھەبوونی دەرمانی قاچاخ لەنێو بازاڕ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە، ھاووڵاتییان لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەتوانن زانیاری لەبارەی دەرمانەوە بەدەست بێنن، ھەموو زانیارییەکی سەرەتایی لە ڕووی بەرھەمھێنان و نرخ و بەسەرچوونی بەدەست بێنن.''

د. شێروان سادق ڕوونی کردەوە: ''لە ساڵی ڕابردووە ھەر کۆمپانیایەک تۆمار نەکرابێت ڕێگەی پێ نادرێت دەرمان ھاوردە بکات، بەسێ قۆناغیش کار لەسەر نرخی دەرمان کراوە، ھۆبەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆالێتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان تەرخان کراوە بۆ دیاریکردنی نرخ و یەکخستنی نرخی دەرمان، لە قۆناغی دووەمدا پێداچوونەوە لەسەر بنەمای تۆمار بۆ نرخی ھەموو دەرمانێک دەکرێت.''

 

قائید میرۆ