Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لایەنەکان پێشوازی لە بڕیارێکی پارتی دەکەن"

هەولێر -KDP.info- یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لەگەل ھەموو لایەنە کوردستانییەکان و لایەنەکانیش ئەو بڕیارەی پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە کاریگەر دەزانن و پێشوازیی لێ دەکەن.

بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە پێشوازی لە ھەموو پێشنیارێک دەکەین بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکانی ھەرێم لە ڕێگەی دانوستانەوە، ھەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ و دەستپێشخەری بۆ لایەنەکان بە ھەنگاوی باش دەزانین و پێمان وایە ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان جگە لە دانوستان ھیچ بەدیلێکی دیکەمان نییە، پێشتریش ڕێگەی دیکە تاقی کراونەتەوە و دواجار گەڕاوینەتەوە بۆ دیالۆگ و داوامان لە ھەموو لایەنەکان ئەوەیە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وەک دوو لایەنی سەرەکیی پێکھێنەری حکوومەتی ھەرێم کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن.''

هەر لەم بارەیەوە، ھەندرێن ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حزبی شیوعیی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەک حزبی شیوعی و لیژنەی کاری ھاوبەشی لایەنە چەپەکان سەردانی لایەنە سیاسییەکانمان کردووە و یەکێک لە بیرۆکەکانی خستمانە بەردەست لایەنەکان، کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە ناوەندێکدا کۆ ببنەوە و لەسەر بەرنامەیەک بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی پرسە باڵاکانەوە، ئەوانەی پەیوەندییان بە ئایندەی نیشتمانەوە ھەیە، ھەروەھا ڕێککەوتنیش بکرێت لەبارەی پرسە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان.''

بەرپرسەکەی حزبی شیوعی دەڵێت: "پێش کۆنگرە ئێمە لەگەڵ پارتی باسی پەیوەندییەکانمان کرد، دوای کۆنگرەش پێمان باشە پارتی بڕیاری داوە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەل ھەموو لایەنە سیاسییەکان بکاتەوە، ئەو پێشنیارانە لە ھەر لایەنێکەوە بێت پێشوازیی لێ دەکەین، ئەو کێشە و گرفتانەی ھەیە بە ڕێککەوتن چارەسەر بکرێن، چ ئەوانەی بەشدارن لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چ ئەوانەیشی کە لە  ئۆپۆزسیۆنن، دەبێ ئالیەتێک ھەبێت ئەوانیش بەشدار بن لە پرسە نیشتمانییەکان، بڕیارەکەی پارتییش لە کۆنگرە بە ھەنگاوێکی باش دەزانین.''

 

قائید میرۆ