Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بابەکر زێباری: ژمارەی پاسەوانانی سنوور زیاد دەکرێن

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ ناکەن و دەشڵێت، ژمارەی پاسەوانانی سنوور زیاد دەکرێن و کاریگەرییان ھەیە لە دانانی خاڵی سنووری.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وڵاتانی دەوروبەر بەھانە دروست دەکەن بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، وڵاتی ئێران لە ناوچەی خواکۆڕکەوە تا سنووری ئەرمینیا و پاکستان و ئەفغانستان ھەمووی تەلبەند کردووە و سنووری کۆنتڕۆڵ کردووە، با سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستانیش بە ھەمان شێوە کۆنتڕۆڵ بکەن بۆ نەھێشتنی ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور، تورکیاش بە ھەمان شێوە پێویستە خۆی سنووری خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە پێویستە ئەو وڵاتانە سنووری خۆیان بپارێزن، خۆ ئێمە بۆیان ناپارێزین.''

ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم گوتیشی: "وڵاتانی دەوروبەر بەئەنقەست سنووری خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵ ناکەن، ئەگەر بەئەنقەست نەبێت بۆچی تورکیا سنووری خۆی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە درێژاییی زیاتر لە ٩٠٠ کیلۆمەتر بە شێوەیەک توند کردووە مشکیش ناتوانێت دەرباز بێت لە سنوور، لەگەڵ ئێرانیش تورکیا ٧٠٠ کیلۆمەتری کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام پرسیار لەوەدایە بۆچی تورکیا سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کە ٣٠٠ کیلۆمەترە، کۆنتڕۆڵی ناکات.''

بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سێ لیوای پاسەوانیی سنوور لە ھەرێمی کوردستان ھەن و سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵین، پاسەوانی سنوور ڕۆڵی ھەیە لە دانانی بنکەی سنووری، بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین ژمارەی پاسەوانی سنوور زیاد بکرێن لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەیش کاریگەریی دەبێت لەسەر زیادکردنی خاڵی سنووری.''

 

قائید میرۆ