بەغدا -KDP.info- دوای خۆپێشاندانەکانی وڵاتی ئێران ترس لای قوتابییانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەی بۆ خوێندن چوونەتە ئێران، دروست بووە و جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، لەگەڵ خوێندنی باڵای ھەرێم گەیشتوونە ئەنجام و بڕیاری پێویست لەبارەی چارەنووسی قوتابییانەوە دراوە.
د. نەھلە قادر، جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەھۆی رووداوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رەوشێکی ناھەموار بۆ قوتابییانی ھەرێمی کوردستان لەو وڵاتە دروست بووە و لە دانوستاندا بووین لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو، تا لەسەر کێشەی قوتابییانی کورد لە ئێران گەیشتنە ئەنجام.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا گوتیشی: "چەند ھەنگاوێک نراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابییانی کورد لە ئێران و ژمارەیەک بڕیار دەرکراون و کەوتوونەتە واری جێبەجێکردن، لەوانەش تا کۆتاییی ئەم وەرزەی خوێندن بۆ قوتابییان رەچاو ناکرێت، ئەم ماوەیەی لە ھەرێمی کوردستانیان بەسەر برد بویان قەرەبوو دەکرێتەوە.''
د. نەھلە قادر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەر قوتابییەک ئارەزووی دواخستنی خوێندنی ھەبێت رەزامەندیی لەسەر دەدرێت و ئەم بڕیارانە لە ١٥ی ئەم مانگەوە بۆیان ھەژمار دەکرێت، واتە جێبەجێ دەکرێن و زۆر سوپاسی وەزیر و بریکار و ھەموو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکەین بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارانە و لەبەرچاوگرتنی رەوشی قوتابییانی کورد لە ئێران.''
قائید میرۆ