Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیاری حوسێن بۆ KDP: داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەین بۆ چۆڵکردنی بارەگاكانمان

کەرکووک-KDP.info- لە دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، ماوەی دوو ساڵە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتیی داوە، بەڵام سوپای عێراق و ئیدارەی ناشەرعیی کەرکووک جێبەجێی ناکەن، بەرپرسێکی باڵای پارتیش دەڵێ، یەکەم حزبی جەماوەریی کەرکووکین و دەمانەوێ زوو بگەڕێینەوە و داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ لایەنی عێراقیدا دەکەین.

دیاری حوسێن، جێگری لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری چۆڵکردنی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیان و لق و تەواوی ناوچەکانمان دراوە و ماوەیەکی زۆریشە چاوەڕێین هێزە عێراقییەکان چۆڵیان بکەن، کە ڕێژەیەکی ڕەمزیی چەکداری سوپای عێراق لە بارەگای لق و مەکتەبی ڕێکخستن لە ئێستادا بوونیان هەیە، بەڵام ڕێککەوتنمان هەیە و داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەین، تاکو زوو پارتی بگەڕێتەوە، چونکە تاکو درەنگتر بگەڕێینەوە، بۆ ئێمەی پارتی و کەرکووکییەکانیش خراپە".

حوسێن دەڵێ: "لە عێراقدا حکوومەتێک نییە دەسەڵاتی هەبێت و بڵێی ئەمە حکوومەتێکی بەدەسەڵاتە، سەرۆکوەزیران بیەوێت ئیشێک بکات، وەزیری ناوخۆ ناهێڵێت، وەزیری ناوخۆ کارێک دەکات، سوپا ڕێگری لێ دەکات و حەشدی شەعبیش ڕێگری لە سوپا دەکات و لە ناوخۆدا ناڕێکن".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "بە بڕیاری سەرۆکوەزیران و حکوومەتی عێراق، دەبوو بارەگاکانی پارتییان دوو ساڵ لەمەوبەر چۆڵ بکردایە و پارتی بگەڕایەتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام بڕیاری حکوومەت جێبەجێ نەکراوە".

هێمای بۆ ئەوەش کرد: "سوپای عێراق لە بارەگاکانی پارتییە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی تێدا نییە، بە شێوەیەکی ڕەمزیش سەربازانی سوپای عێراقی تێیاندا ماون".

"لە دواهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دەنگی یەکەمی پارێزگای کەرکووکی بەدەست هێنا، لە ئێستاشدا پارتی هەوڵی جیددی دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووک و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایە". دیاری حوسێن وای گوت".

جێگری لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەشڵێ: "لە کەرکووک و دووزخورماتوو و دووبز و داقووق و قەرەتەپە و جەبارە و جەلەولا و خانەقین و مەندەلی و سەعدییە، بارەگاکانمان لە ژێر دەستی سوپای عێراقدان".

 

عەزیز ڕەسووڵ