Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نیشتمانی دەدرێت

بەغدا-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیار دراوە کە حکوومەتی هەرێم و عێراق و پەرلەمان پێکەوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن و بڕیارێکی نیشتمانی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بدرێت.

سەگڤان سندی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و تێیدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پێشێلکردنی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو هێرشانەی لەلایەن ئیران و تورکیاوە دەکرێن و بڕیارە قسە لەگەڵ هەردوو وڵات لەبارەی ئەو هێرش و پێشێلکارییانە بکرێت، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هیچ بڕیارێک نەدرا کە چ هەنگاوێکی کرداری بنرێت.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: ''هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری ئەوە درا کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق و پەرلەمان ئەنجام بدرێت و تێیدا بڕیارێکی نیشتمانی بدرێت لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.''

سندی ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو هەڵوێستانەی عێراق لاوازن و پێویستە بڕیاری جددی بدرێت بۆ ئەوەی چیی تر هێرشی سەر هەرێمی کوردستان نەکرێت، چونکە ئەوەی دەکرێت پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.''

بڵند ئیبراهیم