Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پاراستنی ڕۆحی پێكە‌وە‌یی

ھاودەنگ فاروق

سەعدیی شـــیرازی دەڵێ: ئێمە هەموومان ئەندامی یەک جەستەین و ژانی ئەندامێک، ئۆقرە و ئارامی لە هەموو جەســـتەکەدا ناهێڵێ. بچووکترین ڕووداویش لەم نیشتمانەدا دەبێتە هۆی داخ و کەسەری هەمووان، نەخاسمە کارەساتێکی گەورە و دڵتەزێنی وەک ئەوەی كە پێرێ لە شـــاری ســـلێمانی ڕوویدا و ئەو هەموو قوربانییەی لێ کەوتەوە، بێگومان، زیانێکی گەورە و قەرەبۆ نەکراوەی نەتەوەیی و نیشتمانییە.

لە کاتێکدا نەتەوەی كورد لە قۆناغێکی ســـەختی مێژووییدایە و بەرەنگاری چەندین هەڕەشـــەی جیددی دەبێتەوە، یەک لەوانە نوغرۆکردنـــی تایبەتمەندییە فەرهەنگی و ڕۆحییەكانییەتی، دەبینین چەكی خۆڕسكی بەرگری لەخۆكردن، لە ساتێكی تراژیدیی ئاوادا، بەرجەستە دەبێت و هەموو نەتەوە، لەسەر یەك هێڵ و یەك ئامانج كۆدەكاتەوە. لـــەم قۆناغـــەدا، كۆمەڵگـــە لۆكاڵییەكان، لە بـــەردەم فشـــارەكانی گڵۆبالیزمدا ڕەگە کۆمەڵایەتییە خۆڕســـكەكان و لینكی پێكەوەبوونیان لێکترازاوە، بێگومان كۆمەڵگەی كوردســـتانیش مەعســـوم نییە لەم ئافاتە، بە جۆرێك تاكەكانی كۆمەڵگە تەنیا حساب بۆ خۆیـــان بكەن و تاکخوازیی خزاوەتە ناو بیركردنەوەی هەمووانەوە، كەچی لە ئاواها هەلومەرجێکدا ڕۆحی هاوکاریی و هاوخەمیی و هاوسۆزی، سەرلەنوێ دەبوژێتەوە.

ڕەنگە گەلی كوردســـتان، خۆڕاگرترین، ڕەسەنترین كۆمەڵگەی ناوچەكە بێت كە وێڕای نەبوونی دەوڵەت و نەبوونی سیاســـەتی دارێژراوی فەرهەنگی، لە هەمبەر كارەساتێكی وەك ئەوەی سلێمانیدا، ڕەگە خۆڕسكەكانی یەکبوونی خۆی ببوژێنەوە.

ئەمە خەســـڵەتێكی زۆر جوان و گرنگی كۆمەڵگەی كوردســـتانە كە پێویســـتە كاری لەســـەر بكرێت و لێكۆڵینەوەی شایســـتەی لەســـەر بكرێت؛ چونكـــە ئێمە لەبەردەم بەراوردێكی ناچاریداین، لە كۆمەڵگەكانی دیکەدا، دەوڵەت بە پلانی سەرتاسەری دنەی گەشـــەکردن و پتەوکردنی فەرهەنگی نەتەوایەتی دەدات بۆ بوژاندنەوەی خەســـڵەتە ڕەسەنەكانیان پشتیوانییان دەکات، سەرباری ئەوەش ناتوانن سەركەوتن بەدەستبهێنن چونکـــە گڵۆبالیزم بەتەواوی قووتـــی داون، بەڵام ئەوەتا کۆمەڵگـــەی کوردەواری بە شـــێوەیەکی خۆڕســـک ئەو ئەركە گرنگ و چارەنووسسازە جێبەجێ دەکات و هەستە

كوردایەتییەكەی لە شێوەی هاوشیوەنی، هاوخەمی و هاو هەڵوێستیدا نوێدەكاتەوە. ئەوە جوانترین تەحەدای كوردە لەبەردەم هەڕەشەكانی گڵۆبالیزم و پیلانی داگیركەران و نەیارەكاندا.

پێویستە دامەزراوەی فەرمیی هەرێمی كوردستان، لەم خەسڵەتە گرنگەی كۆمەڵگەی كوردستان باشتر تیبگات و بە ئاراستەی پتەوكردنی پایەكانی حوكمڕانیی لە كوردستاندا، سوودی پێویستی لێ وەربگرێت.