Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجومەنی وەزیران وەکو رێزگرتنێک بڕیاریدا لەو پێشمەرگانە خۆشبێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، ئەو پێشمەرگانەی ناو شۆڕش کە خزمەتی پێشمەرگاتیی خۆیان لە کاتی شۆڕشدا هێنابایەوە بۆ خانەنشینی، پێویست بوو بڕێکی زۆر پارە بدەن، بەڵام لەمەودوا ئەو پارەیە نادەن و لێیان خۆش دەبن.

ریڤینگ هرووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەر پێشمەرگەیەک بەشداری لە شۆڕشەکاندا کردووە، ئەگەر پێویستبایە خزمەتی خۆی بخاتە سەر وەزیفەکەی بە مەبەستی خانەنشینکردن، پێویست بوو بڕێک پارە بدا هی ئەو ساڵانەی پێشمەرگە بووە، لە کاتێکدا ئەوکات پێشمەرگایەتی بێ مووچە بووە و خۆبەخشانە پێشمەرگایەتییان دەکرد، کە پێشمەرگەکانیش هەر یەکەو بەپێی ساڵەکانی خزمەتی پێشمەرگاتی پارەیان لێ وەردەگیرا.

هرووری گوتیشی: "دوای ئەوەی هەوڵێکی زۆرمان دا لە لیژنەکەی خۆمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەت وەکو رێزگرتنێک لەو پێشمەرگانەی بەشدارییان لەشۆڕشەکاندا کردووە و ئەوکات پێشمەرگە بوونە و تاوەکو 5/3/1991 لە پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون، هیچ بڕە پارەیەکیان لێ وەرنەگیرێت و لێیان خۆش بن هەر کاتێک خزمەتی خۆیان هێنا بۆ خانەنشینبوون، ئەمەش هەنگاوێکی باشە و خزمەتکردنە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

 

بڵند ئیبراهیم