Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەبارەت بە کۆنگرەى پارتی: کورتە وەڵامێک بۆ نەیاران

لەم چەند ڕۆژەى دواییدا (٣ تا ٦ / ١١/ ٢٠٢٢ )، کۆنگرەى ١٤ی پارتى دیموکراتى کوردستان لە شارى دهۆک بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەک کەچاوى نێوخۆ و دنیاى لەسەربوو, یار و نەیار چاوەڕێی ئەنجامەکانیان دەکرد, بەڵام سوپاس بۆ خوا هێندە سەرکەوتوو بوو, یارانى دڵخۆش و نەیارانی دردۆنگ کرد.

وەک نەریتێکی دیموکراسی, هەمیشە لە کۆنگرەکاندا بەشێک لە کاندیدەکان ناتوانن ڕێژەى پێویستی دەنگەکان بەدەست بهێنن, ئەمجارەشیان بەشێک لە کاندیدانی بەڕێز نەیانتوانی، لە نێو ئەو بەشەشدا ژمارەیەک لەو تێکۆشەر و ئازیزانەى کە لە حزبەکانی ترەوە هاتووەنەتە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان, کە کەسایەتی دڵسۆز و بە ئەزموون و بە توانان,نەیانتوانی ڕێژەى پێویستی دەنگەکان بە دەست بهێنن, بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین، ئەو ئازیزانە جێی ڕێز و متمانەن، بۆیە زووتر پارتیمان پێگە و پۆستی شیاوی بۆ تەرخان کردبوون لە حکومەت و ژیانی حزبی, دیارە دەرنەچوونیشیان بۆ ئەم نەریتە دیموکراسییە دەگەڕێتەوە کە لە هەڵبژاردندا هەیە, خۆشیان لە روونکردنەوە و پەیامەکانیان ئەوەیان خستۆتەروو, کە ئەنجامەکانیان قبوڵە و لە جاران باشتریش بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان له نێو پارتیدا.
لەبەر ئەوەى کۆنگرەکە سەرکەتوو بووە،  نەیارانی پارتی ژان گرتوونى و دەیانەوێ بابەتی دەرنەچوونى ئەم بەڕێزانە بکەنە بابەتی سۆشیاڵ میدیا و شەڕی دەروونیان بکەن, بۆیە لێرەدا دەڵێین:
• بە درێژایی مێژوو کەسایەتیی زۆر لە نێو حزبەکانی تر هاتوونەتە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە کۆنگرەکان دەنگی زۆریان هێناوە و گەیشتونەتە پلەى ئەندامیەتی مەکتەبی سیاسی و پۆستی بالا لە حکومەتیشدا.
• لە کۆنگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان, تەنانەت لەم کۆنگرەیەشدا کەسایەتیی سیاسی زۆر کە خودان خەباتی شاخ و لە پلەى زۆر بەرز بوون دەرنەچوون, ئەویش بەشێکە لە نەریتە دیموکراسییەکەى هەڵبژاردن.
• ڕوونکردنەوەى ئەم چەند بەڕێزەى لە حزبەکانی تر هاتبوونە نێو پارتی و ئەمجارە دەرنەچوون, وەڵامێکی دەمکوتکەرە بۆ ناحەزان, کە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن بە ئەنجامەکان ڕازین و لە جاران گەرمتر بەردەوام دەبن لە خەبات لە نێو ریزەکانی پارتیماندا.
• کۆنگرەى ١٤ى پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو پێوەرێک کۆنگرەیەکی نەوعی پڕ دەسکەوت بوو, ناحەزان دەیانەوێ لە خاڵیکی نیگەتیڤ بگەڕێن , بەڵام خەیاڵیان خاوە و خەونی حوشتر دەبینن, ئێمە ڕێبوارانی رێبازی بارزانی, هەمووان بە وانەى دەرچوون و دەرنەچوون, ئەوانەی لە  نێو کۆنگرەبوون یان لە دەڕەوەی کۆنگرە، وەک پێشمەرگەى جەنابی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبین لە خەباتکردن لەپێناو کوردستان و دۆزە ڕەواکەى.

بەشی رۆژنامەوانی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان