Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کاریگەریی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو"

هەولێر -KDP.info- لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٨ دوای ١١ ساڵ مانەوە لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بارزانیی نەمر گەڕایەوە عێراق و لە سەرتاسەری عێراق پێشوازی لە گەڕانەوەی بارزانیی نەمر کرا.

بە گوتەی شارەزایانی مێژووی عێراق گەڕانەوەی بارزانیی نەمر دوای ڕێککەوتنی لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم ھات و مەرجی بارزانیی نەمر بۆ گەڕانەوە دانپێدانانی حکوومەتی عێراق بوو بە مافی گەلی کورددا و بۆ یەکەم جاریش لە مێژووی عێراقدا لە چوارچێوەی ماددەی ٣ی دەستووری ئەوکاتی عێراقدا ئاماژە بەوە کرا کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکین لە عێراقدا.

د. شوان محەمەدئەمین خۆشناو، پسپۆڕی مێژووی کورد،بۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٨ دەستکەوتی شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو، لەو ماوە درێژەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ، کورد ھەستی بەوە دەکرد کە بەبێ سەرکردەیە و کەس نەبوو لە گوڕەپانەکەدا وەک بارزانیی نەمر بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد بکات، لەبەر ئەوە، گەڕانەوەی بارزانی تەکانێکی زۆری خستە عێراق و کوردستان، بە شێوەیەک کە چۆن خەڵک بە ئاپۆرای گەورە پێشوازییان لە عەبدولکەریم قاسم و سەرۆکەکانی دیکەی عێراق دەکرد، بە ھەمان شێوە و قەبارە پێشوازییان لە بارزانیی نەمر دەکرد.''

دوای ھەرەسی کۆماری کوردستان، بارزانیی نەمر و یاوەرانی گەڕانەوە باشووری کوردستان، بەڵام ئامادە نەبوون خۆیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکەن و سنووری سێ وڵاتیان بڕی و بارزانیی نەمر و ٥٠٠ جەنگاوەری بارزانی خۆیان گەیاندە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، دوای شۆڕشی ١٤ی تەمووز، بارزانیی نەمر بە ڕێککەوتن لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم گەڕایەوە عێراق و کوردستان.

د. شوان محەمەد ئەمین خۆشناو گوتی: "گەڕانەوەی بارزانیی نەمر چەندین دەستکەوتی ھەبوو، لەوانەش، لە بڕگەی دووی ماددەی سێی دەستووری عێراقدا چەسپێندرا کە کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکیی عێراقن، ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان مۆڵەتی فەرمیی وەرگرت و لە ساڵی ١٩٦٠ چەندین دەستکەوتی دیکەی ھەبوو.''

لەبارەی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان کورد و عێراقەوە، د. شوان محەمەدئەمین خۆشناو دەڵێت: "لەو دوو ساڵەدا کورد زۆر دەستکەوتی بەدەست ھێنا و ببووە پاڵپشتی سەرخستنی شۆڕشی ١٤ی تەمووز، بەڵام ئەوە عەبدولکەریم قاسم بوو لە بەڵێن و ئامانجەکانی ھەڵگەڕایەوە و کەوتە ژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە، لەبەر ئەوەش دوای پاشەکشەی عێراق لە بەڵێنەکانی لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دەستی پێ کرد.''

قائید میرۆ