Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

پەلامار و بۆردومانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هاوکات کوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان کردارێکی تاوانکاری دژ بە مرۆڤایەتییە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم پەلامار و بۆردومانکردنانە ئیدانە دەکەین و بە ڕێزنەگرتنی بنەماکانی دراوسێیەتی و دۆستایەتی دەزانین و، پێویستە کۆتاییان پێ بھێندرێ و چیتر ھەرێمی کوردستان نەکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەکلایی کردنەوەی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانیان کە پەیوەندییان بە ھاووڵاتیانی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستانەوە نییە.
کێشە و گرفتەکان بە خوڵقاندنی ئاڵۆزی لە دەرەوەی سنوورەکان چارەسەر ناکرێن بەڵکو باشترین رێگای چارەسەرکردن گفتوگۆ و یەکتر قبوڵکردنە بە ھەبوونی جیاوازیەکانیشەوە.

لە کۆتاییدا خەمباری و نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ھەموو ئەو زیانە گیانی و مادییانەی بەر دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە کەوتوون.

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٨ـی٩ـی٢٠٢٢