Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حكومەت سەردانی جووتیارێکی نموونەیی لە پارێزگای دهۆک دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی جووتیار محەمەد سەلیم بەربهاری لە گوندی بەربهار کرد لە پارێزگای دهۆک، کە یەکێکە لە جووتیارە نموونەییەکانی دەڤەرەکە و پێش دوو ڕۆژ داوای لە جەنابی سەرۆک بارزانی کردبوو ھاوکاری زیاتری جووتیاران بکرێت .

سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی لە نزیکەوە ڕەز وباخ و بەرهەمەکەی بەسەرکردەوە و گوێی لە سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی ئەو جووتیارە نموونەیە گرت، دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی و بایەخێکی زۆر، بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی دەدات و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە جووتیارانی کوردستان دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش، کاری بۆ دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان کردووە و هەنگاوی کردەییش لەم ڕووەوە نراون، کە ئێستا پەتاتە و چەند بەروبوومێکی دیکە   دەنێردرێنە دەرەوە و بەم زووانەش، هەنار هەناردەی دەرەوە دەکرێت. هەروەها بڕیاڕیشە لە ساڵی داهاتووەوە،  ژمارەیەکی دیکەی بەرووبوومی کوردستان بگەنە بازاڕەکانی دەرەوە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی هەرێم، دەیەوێت بناخەیەکی پتەوی پیشەسازی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بنیات بنێت، لە پێناو گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرووبوومی ناوخۆیی و زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی کار.