Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووسینگەی کوردانی فەیلی بووەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی کوردانی فەیلی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کوردانی فەیلی سەر بە بارەگای بارزانی گوتی، نووسینگەی کوردانی فەیلی سەر بە بارەگای بارزانی بووەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی کوردانی فەیلی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کە لە عێراق دوو ملیۆن کوردی فەیلی هەیە و هەوڵ دەدرێت ناسنامەش بۆ ئەوانە بگەڕێتەوە کە ناسنامەیان لێ وەرگیراوەتەوە.

عەلی فەیلی، بەرپرسی نووسینگەی کوردانی فەیلی سەر بە بارەگای بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''زیاتر لە ساڵێکە ئەو نووسینگەیە کراوەتەوە و کاری باش کراوە و ئێمە خواستی زیاترمان هەیە، بەڵام هەنگاوێکی باشە بۆ کۆکردنەوەی کوردانی فەیلی لە بەغدا و خانەقین و مەندەلی و کووت و کەرکووک و سلێمانی و حللە و پەیوەندیمان کردووە لەگەڵ ئەو خەڵکە و هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو کۆنگرەیەک بۆ جینۆسایدی کوردانی فەیلی ببەستین و بتوانین هەنگاو بە هەنگاو ئەو خەڵکە لەژێر چەتری بارەگای بارزانیدا کۆ بکەینەوە و مەبەستمان حزبایەتی نییە و زیاتر مەبەستمان نەتەوەیییە و چەتری بارزانییش نەتەوەیییە، بۆیە پەییوەندیمان لەگەڵ دامودەزگا حکوومی و پەرلەمانییش باشە و کارەکانیان لە هەر کوێ بوەستێت بۆیان ڕایی دەکەین''.

عەلی فەیلی گوتیشی: ''کار دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامە بۆ ئەو کوردە فەیلییانەی بێناسنامەن، چونکە لە ساڵی 1980 لە کاتی ئەنفالی کوردانی فەیلی 600 هەزار کەس دەرکران بەرە و ئێران و ناسنامەیان لێ سەندرایەوە، بۆیە کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ناسنامە و موڵک و ماڵیان کە لێیان داگیر کرابوو، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.''

فەیلی باسی لەوەش کرد: ''ئەو نووسینگەیە  بووەتە شوێنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردی فەیلی و کۆکردرنەوەی کوردی فەیلی کە لە هەموو عێراق ژمارەیان دوو ملیۆن کەس دەبێت''.

 

بڵند ئیبراهیم