Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دادگای فیدراڵیی عێراق دانی بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمدا ناوە و بە یاسایی لەقەڵەمی داوە

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەبارەی کۆمسیۆن داویەتی، زۆر باشە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندایە، چونکە دان بە کۆمسیۆندا نراوە و بە یاسایی لەقەڵەم دراوە و هەموو دەسەڵاتەکانیشی وەکوو خۆی ماوە.

هندرێن محەمەد ساڵح بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستانەوە کە داوا کرابوو هەڵبوەشێتەوە، ئەو داوایەی ڕەت کردووەتەوە، بۆیە بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی کۆمسیۆنە و ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی وەکوو خۆیان ماونەتەوە و لە بەرژەوەندیی کۆمسیۆنی هەرێمە، بۆیە دادگا دەستکاریی یاسای کۆمسیۆنی نەکردووە کە بەپێی یاسای ژمارە چوار دەسەڵاتەکانی وەکوو خۆیان ماون و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەموو شتەکان وەکوو خۆیان ماون و تەنها باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتی حەسری نەبێت کە ئەویش کۆمسیۆنی عێراق لە هەرێمیش مافی هەڵبژاردنی هەبێت و ئێمە لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق هەیە و لەو بارەیەوە هیچ کێشەمان نییە''.

هندرێن محەمەد ساڵح گوتیشی: ''بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر باش بوو کە دان بە کۆمسیۆنی هەرێمدا نراوە و فەرمی و یاسایییە، بۆیە ئەو سکالایەی تۆمار کراوە خێری بۆ هەرێمی کوردستان تێدایە و لە بەرژەوەندیی هەرێمیش یەکلایی بووەتەوە و دادگا دانی بە کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستاندا ناوە.''

 

بڵند ئیبراهیم