Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری تەندروستی: دوو بڕیاری نوێمان لەبارەی ڤاکسینەوە داوە

هەولێر -KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، دوو بڕیاری نوێمان لەبارەی دانانی ڤاکسین دەرکردووە، لەوانە ئەوانەی تەمەنیان 5 تا 12 ساڵییە دەتوانن ڤاکسین دانێن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیمان ڕاسپاردووە.

دکتۆر سامان بەرزنجی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی کۆرۆنا دوو بڕیاری تازەمان دەرکردووە، لەوانە پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ منداڵانی 5 ساڵ تا 12 ساڵیش دەگرێتەوە و دەتوانن ڤاکسین وەربگرن''.

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''ئەو کەسانەی پێشتر ڤاکسینیان وەرگرتووە، دەتوانن ژەمی چوارەمی ڤاکسین وەربگرن، جۆری ڤایزەر بە شێوەی خۆویستانە بۆ تەمەنەکانی دیکە بەو مەرجەی دوای شەش مانگ بەسەر دواهەمین ژەمی ڤاکسینی دژەکۆرۆنادا تێپەڕ بووبێت.''

گوتیشی: ''بۆ ئەو مەبەستە ئێمە هەموو بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانمان ڕاسپاردوون کە ئەو ڕاسپاردەیە جێبەجێ بکەن.''

 

بڵند ئیبراهیم