Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دانەوەی قەرزەکانی سەر حکوومەت هەنگاوێکی یەکجار گرنگە

هەولێر -KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەش مانگدا توانیویەتی 628 ملیۆن دۆلار قەرزی پێشووی کۆمپانیاکانی نەوت بداتەوە، ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانیش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڵێنانەی لە دەستپێکی کابینە دابووی، جێبەجێی کردن کە حکوومەتێکی شەفاف بێت و چاکسازی بکات و دامەزراوەکانیش بەهێز بکات و ئەو قەرزانەی لە کابینەکانی پێشوو لەسەر حکوومەت هەبوو، بیداتەوە، بۆیە دانەوەی قەرزەکان هەنگاوێکی زۆر گرنگە.

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکجار گرنگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستگۆ بووە لەگەڵ ئەو بەڵێنەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەرەتاوە کاتێک سوێندی یاسایی خوارد، دایە پەرلەمانتاران و ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی شەفاف بێت و چاکسازی بکات و دامەزراوەکان بەهێز بکات، هەڵبەت بۆ هەمووان ئاشکرایە سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی هاتوونەتە سەر ڕێگای حکوومەت و ئەو قەرزانەی لەسەر حکوومەت هەبوو لە کابینەکانی ڕابردوو، کابینەی نۆ و بەتایبەت سەرۆکی حکوومەت بەردەوامە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک لە هەموو ڕوویەکەوە، وەک ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و دروستکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان".

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: "حکوومەت بەردەوامە لەسەر دانەوەی قەرزەکانی سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمە جێگەی دەستخۆشییەکی گەورەیە و گرنگترین خاڵ لەو بابەتە سەرۆکی حکوومەت سەلماندی کە کەسێکی ڕاستگۆ و شەفاف بوو و توانیی هەموو هەوڵەکانی بۆ ڕیفۆرم و چاکسازی بدات و هەم دانەوەی قەرز و هەم پێدانی مووچە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری نیشانەی ئەوەیە سەرۆکی حکوومەت بەردەوامە لە چاکسازی و سەرکەوتووش بووە".

بڵند ئیبراهیم