Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك مەسعود بارزانی، "ئه‌وه‌ى نەیەوێ بە چیادا هەڵزنێ"...

دکتۆر سامان سۆرانی*

لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا ساڵی ٢٠٠٣ تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لەو ساڵەدا ڕژێمی ستەمکاری پاوانخواز ڕووخێنرا، کە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە بێ ووچان گەلی كوردستانی سەركوت دەکرد و ڕێگر بوو لە بەدیهاتنی خواستەکانی ئەم گەلە خەباتگێڕە بۆ ئازادی و پێشکەوتن.   

چاوەڕوان دەکرا "عێراقی نوێ" لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوویدا هەڵداتەوە و کراوە بێت بەرامبەر بە چەندین ئەگەری پڕ گەشبینی، تا داهاتوویەکی باش بۆ عیراق بێتە کایەوە، بەڵام بەداخەوە ڕواڵەت شتێکی پێچەوانەی ئەوەی پێشکەش کرد. 

سەرۆك بارزانی هەر لەو کاتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ لەگەڵ بونیادنانی عێراقێکی نوێ بووە و پێی وابووە، ئەو عیراقی نوێیە پێویستە باوەڕی بە سیستمی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان هەبێت و دامەزراوە دەستوورییەکانی دەسەڵاتێکی دێموکراسی پیادە بکەن، دوور لە تۆتالیتاریەت و دەسەڵاتی ناوەندێتی و تاك لایەنی و بەکارهێنانی زمانی جەنگ، کە پێش ڕووخانی ئەو ڕژێمە تاکە زمانی باو بوو لە عیراقدا. 

سەرۆك بارزانی هیواخواز بوو، فیدڕاڵییەت بە شێوەیەك پیادەبکرێت، کە دوور بێت لە بەکارهێنانی ئاکاری پەراوێزخستن و جیاکاری و دژایەتی کردنی ئەو کەسانەی، جیاواز  بیر دەکەنەوە و جێ بەجێکردنی تیۆرییەکانی پۆلێنکرن لە سەر بنەمای باوەڕ و پاکتاوی ڕەگەزی کۆتاییان پێ بێت. 

ئامانجی دەستپێشخەرییەکانی سەرۆك بارزانی لەو کاتەدا کارکردن بوو لەگەڵ ‌هێزە نیشتمانییەکان بۆ وەگەڕخستنی توانا مرۆییەکانی ئەو وڵاتە، چ لە بواری بونیادنان و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرهەمهێن بێت، یان هەوڵدان بێت بۆ دەستبەرداربوون لە فەلسەفەی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا و گوتاری هەڕەشەئامێز و سیاسەتی گەلەکۆمە و تەکتیکی قەتیسکردنی تواناکانی دەوڵەت لە پێناو هێرشبردنە سەر لایەنی تر، کە جیاوازە. 

سەرۆك بارزانی، کە هەڵگری پەیامێکی نیشتمانییە و بەردەوام بە کردار و دەربڕینەکانی خۆشەویستی لە نێوان گەلی كوردستان و عیراق بڵاودەکاتەوە و تۆی لێكتێگەیشتن لەناو ژینگەی هەرێمی دەچێنێ و بە زمانێکی پڕ لە هەست و مرۆڤایەتی لەگەڵ جیهاندا دەدوێ، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغدا چرای ئاشتی كوردستانی بۆ بەغدا برد.  

سەرۆك بارزانی باوەڕی بەوەیە، ئاشتی دەروازە و بنەمایەکی سەرەکی سەقامگیرییە و توندوتیژی درووستکراوی دەستی مرۆڤە. سەرۆك بارزانی بەردەوام لە وتار و گفتوگۆکانی بە ئاشکرا دەفەرموێ، ئێمە دەتوانین وا بکەین چارەنووس بەدەنگمانەوە بیت، تا نەوەکانی داهاتوو مافی ئەوەیان هەبێت، خەون بە جیهانێکی پڕ لە ئازادی و شکۆمەندی ببینن. 

ئەم قەناعەتە ستراتیژێكە بۆ کار و سیاسەت لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. لۆژیك پێمان دەڵێت، ئەوەی بتوانێ بە هزرێکی کراوە بیر بکاتەوە، دەتوانێ خۆی بگۆڕێ و بە شێوەیەكی بەرهەمدار و داهێنەرانە پشکداربێت لە گۆڕینی کەسانی تر. 

ئەم هاوکێشەیە سەقامگیری سیاسی لە هەرێم كوردستان ئافەریدە کرد و بەهۆیەوە هەرێم توانی ڕووبەڕووی ئەو ئالنگاراییانە بێتەوە، کە تۆڕە ئاڵۆزەکانی پەیوەندییە هەرێمییەکان لە ناوچەکە بە بەردەوامی بەرهەمی دەهێنن.

سەرۆك بارزانی لە سایەی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان و بڕیاردانی حەکیمانەی پاڵپشتی بێسنووری سیاسی خۆی دەربڕیوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دیالۆك لەگەڵ بەغدا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە چوارچێوەی دەستور و بە شێوەیەکی مەدەنی و عەقلانی، تا دووبارە کەش و هەوایەکی پڕ لە ئاسایش و سەقامگیری درووست بێتەوە.

هەرێم و بەغدا تەنها لە ڕێگەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەرەوەرییەوە دەتوانن وەکو دوو ئەکتەری چالاك بونیادنان و پەرەپێدان لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەرەو پێشەوە بەرن و تەنها بە سیاسەتی بیرکردنەوەی ئەرێنی و هاوکاری کردنی یەکتر و لۆژیکی ئاڵۆگۆڕکردن و فەلسەفەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکرێ دیموکراسیەت و فیدڕاڵییەت و سەروەری لە عیراق بپارێزرێ.   

ناکرێ لە سەردەمی گلۆبالیزەیشن و لە جیهانی پاش کۆرۆنا و جەنگ و درووستبوونی قەیرانی ووزە کێشە هەڵپەسێردراوە درێژخایەنەکان دوابخرێن و دامەزراندنی دیموکراسییەکی ڕاستەقینە، لەسەر بنەمای دیالۆگ و فرەیی و ڕێزگرتن لە بونیادنانی دەوڵەتی مرۆڤ، پەراوێز بخرێت. 

ئەو دەوڵەتەی بەرامبەر بە بڕوا و باوەڕ و ئایدیۆلۆژیای هاوڵاتیانی بێ لایەنی ئەرێنی هەڵدەبژێرێ و ئاسایشی مرۆیی وسیاسی دەستەبەر دەکات، دەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، لە کاتێکدا ناوچەکە و جیهان لە قۆناغێکی پڕ لە پاشاگەردانی و ناسەقامگیری سیاسی گوزەر دەکەن، کە لەوانەیە ببێتە مایەی گۆڕانکاری ڕیشەیی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهان.   

لە کۆتاییدا: 

پێویستە داهێنەر و دامەزرێنەری ئاسۆیەکی بەڵێندەر بین بۆ دەروەازە و بنەماکانی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و عیراق، تا بە هۆیەوە بتوانین فەزایەکی فراوان لە ئازادی داهێنان و بیرکردنەوە بەرهەم بهێنین و دیموکراسیەت و بەڕێوەبردنی باش بچەسپێنین و فەرهەنگی دیالۆگ و جیاوازی و بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە بڵاوبکەینەوە و توندئاژۆیی و توندوتیژی نەهێڵین و ژێرخانی هاوبەشی سیاسی و فەرهەنگی ڕێزلێنان و لێبوردەیی و دەستپاكی و لێهاتوویی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات پتەوبکەین و لە هەرێمی كوردستان و عێراق فاکتەرەکانی پێکەوەیی کۆمەلایەتی لەنێوان گروپ و توێژە کۆمەڵایەتییە جیا جیاکان بەهێز بکەین. 

ئەو رۆژەی میللەت ژیانی ویست،

بێگومان چارەنووس به‌ده‌نگیەوە دێت.

تاریکیی شه‌و هەر دەبێ بڕەوێتەوە و 

زنجیریش هه‌ر ده‌بێ بپسێ

ئه‌وه‌ى نەیەوێ بە چیادا هەڵزنێ

بۆ تاهەتایە لەناو چاڵ و چۆڵدا جێ دەمێنی

 

 

*پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسیەت