سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، ماوەی دوو رۆژە تۆپبارانکردنی دەڤەری برادۆست لە سنووری سیدەکان لە لایەن ئێران بەردەوامە و تا ئێستا بەو ھۆیەوە چەندین گوند چۆڵکراون و زیانێکی زۆری ماددیش بەر ناوچەکە کەوتووە و تا ئێستاش تۆپبارانکردن بەردەوامی ھەیە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەژار حەکیم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماوەی دوو رۆژە تۆپخانەکانی ئێران ناوچەی برادۆست لە سنووری سیدەکان تۆپباران دهكهن و تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە، لە کوێستانەکانی بەربزین چەند گوندێک چۆڵکراون لەوانە گوندی رشکین و بەنێ و ھۆرنێ و چەند گوندێکی دیکە، ھەروەھا قوتابخانەی گوندی ڕەشکین خوێندن تێیدا بۆ ماوەی ھەفتەیەک وەستاوە تا تۆپباران کۆتایی پێبێت".
لە بارەی زیانەکان ھەژار حەکیم گوتی: "تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بەر ڕەز و باغی ھاووڵاتیان کەوتووە و ڕەزەکان زۆربەیان سوتاون بە تایبەت لە گوندی بەنێ و فرۆکەکانیش بەردەوام چاودێری ناوچەکە دەکەن".
بڵند ئیبراھیم